ماوەیەکە لە ڕێگەی بەناو ڕۆژنامەنووسێکی دەروون نەخۆش و چەندین پەیج و ئەکاونتی ساختە و ئاراستەکراو، بە مەبەست و بە بەرنامە، هێرشی ناوزڕاندن دەکرێتە سەر چەندین ئەفسەری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەم هەڵمەتە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەکارییەوە بەڕێوە دەچێت بە شێوەیەک کە ئەو تۆمەتانە لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە و درۆ، دەدرێنە دەست ئەو بەناو ڕۆژنامەنووسە، ئەویش بێ هیچ لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون، یان جەختکردنەوەیەک لە ڕاستی و دروستی زانیارییەکان، هەڵدەستێت بە بەخشینەوەی تۆمەت و بوختانی بێبنەما و دوور لە ڕاستی تاوەکو کەسایەتی و پێگەی ئەم ئەفسەرە دڵسۆزانە لەکەدار بكات.
وێڕای ڕەتکردنەوەی توندی سەرجەم ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانە، بۆ ڕای گشتی و خەڵکی کوردستانی ڕادەگەیەنین کە ئەم ئەفسەرە باڵایانە هەمیشە هەوێنی سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و پێشخستنی دامەزراوەی وەزارەتی پێشمەرگە بوون، لە هەمان کاتدا، وەک سەنگەرێکی پۆڵاین وەستاونەتەوە و بوونەتە ڕێگرێکی سەرسەخت لە بەردەم ئەو ئەفسەرە هەڵپەرستانەی تەنها دوای بەرژەوەندیی کەسی کەوتوون. بەو پێیەی ڕێباز و ئاڕاستەی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە ڕێگە بە هێنانەدی ئارەزوو و تەماحە ناڕەواکانیان نادات، ڕوویان کردۆتە تۆمەتبەخشینەوە و بوختانی بێبنەما. بەڵام دڵسۆزی و پاکیی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتمان زۆر لەوە بڵندتر و بەرزترە بە هەڵمەتی لەو شێوەیە چەواشەکارانە لەکەدار ببن.
شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە
٣٠ی تەمموزی ٢٠٢٦

