عەرەبستانی سعوودیە و ئوردن بە فەرمی بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە کە لە ئەگەری ئاراستەکردنی هەر هێرشێکی نوێدا لە خاکی عێراقەوە، ڕاستەوخۆ بارەگای گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی وڵاتدا دەکەنە ئامانج. هاوکات لایەنی کوێتیش لە ڕێگەی کەناڵە ناڕاستەوخۆکانەوە هۆشدارییەکی هاوشێوەی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە.
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی “الحرة” ڕایگەیاندووە، لە بەرامبەر ئەم هۆشدارییانەدا، حکومەتی عێراق لە هەوڵێکی چڕی دیپلۆماسیدایە بۆ قایلکردنی وڵاتانی دراوسێ کە توانای هەیە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەغدا لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆییەکانی ئاگادار کردووەتەوە و بە شێوەیەکی کردەیی دەستی بە ڕێکار کردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی یاسا و دڵنیادانەوەی تەواو بە وڵاتانی دراوسێ لە پاراستنی سنوورەکانیان.
حکومەتی عێراق هۆشداریی داوەتە وڵاتانی ناوچه کە هەر جۆرە هێرشێکی دەرەکی بۆ سەر گرووپەکان لە ناوخۆی خاکی عێراقدا، سەرجەم هەوڵەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵکشانە سەربازییەکان لەباردەبات و پڕۆسەی چەک داماڵینی میلیشیاکان ڕووبەڕووی بەربەستی زۆر توند دەکاتەوە.

