بەهۆی تەشەنەسەندنی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە دارستانەکانی ویلایەتی واشنتنی ئەمریکا، کە تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ هەزار هێکتار زەوی گرتووەتەوە، هەزاران دانیشتووی ناوچەی “سپۆکەین” ناچار بوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و کارەبای هەزاران هاوبەشیش بڕاوە.
دەیڤ ئەپتەگرۆڤ، کۆمیسیاری زەوییە گشتییەکانی ویلایەتەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “نزیکەی ٤٠٠٠ کارمەندی تیمی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە ١٢ ئاگری جیاوازن لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا.” ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لەم هاوینەدا نزیکەی ٤٥٠ هەزار ئەیکەر زەوی لە واشنتن سووتاوە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی نائاسایی و مەترسیدارە.
بۆب فێرگسۆن، پارێزگاری واشنتن، باری نائاسایی و قەدەغەی هەڵگیرساندنی ئاگری لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا ڕاگەیاند. فێرگسۆن هۆشداری دا کە بای بەهێز و پلەی گەرمی بەرز لە کۆتایی هەفتەدا، ئەرکی تیمەکانی بەرگری شارستانی قورستر دەکات. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر گیانلەدەستدان یان برینداربوونی هاووڵاتیان بڵاونەکراوەتەوە.
شاری سپۆکەین کە زیاتر لە ٢٣٠ هەزار دانیشتووی هەیە، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە. لیسا بڕاون، سەرۆکی شارەوانی سپۆکەین، ڕایگەیاند کە چەندین دامەزراوەی گرنگ چۆڵکراون، لەوانە: بنکەکانی چارەسەری ئاو، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی وزە لە پاشماوەکان، و نەخۆشخانەی وەزارەتی کاروباری سەربازە دێرینەکان (VA).
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، تەنیا لە شاری سپۆکەین ٢٠٠ ماڵ چۆڵکراون و پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر بێت. هەروەها کۆمپانیای “ئاڤیستا” بۆ وزە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئاگرەکەوە کارەبای نزیکەی ٦٠ هەزار کەس بڕاوە.
جۆرج گایسلەر، بەرپرسی دارستانەکانی ویلایەتەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە پێنج ئاگری زۆر گەورە لە واشنتن چالاکن. گەورەترینیان ئاگری “کایزەر کانیۆن”ە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە کە بە تەنیا ١٣٤ هەزار ئەیکەر زەوی سووتاندووە. هەروەها ئاگری “ئۆڵد ترایڵز” لە نزیک سپۆکەین، هەڕەشە لە ٤٠٠٠ باڵەخانە و خانوو دەکات.
جگە لە پاسەوانی نیشتمانی ئەمریکا، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە زیاتر لە ١٢ ویلایەتی دیکەوە هاتوون بۆ هاوکاری شاری واشنتن. مەیجر جەنەراڵ گێنت وێڵش، فەرماندەی پاسەوانی نیشتمانی واشنتن، دۆخەکەی بە “کارەساتبار” وەسف کرد و وتی: “پێموایە کاتێک بەیانی ڕۆژ دەبێتەوە، هەموومان تووشی شۆک دەبین بە بینینی ئەو وێرانکارییەی ئاگرەکە دروستی کردووە.”
جێی ئاماژەیە، ئەم شەپۆلە توندەی ئاگرکەوتنەوە تەنیا واشنتنی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە مانگی ڕابردوودا بەهۆی هەزاران هەورەبرووسکەوە، ناوچەکانی باشووری “بریتیش کۆڵۆمبیا” لە کەنەداش ڕووبەڕووی چەندین ئاگری گەورە و چۆڵکردنی ناوچە نیشتەجێبووەکان بوونەتەوە.
رۆیتهرز

