پشتگوخستنی چارەسەری تێکچوونی دەمارەکان بەهۆی کحولەوە دەکرێت بێتە هۆی لەدەستدانی هەمیشەیی توانای جووڵە و پەککەوتنی جەستەیی.
د. ئەلێکساندەر ئۆمینۆڤ، پزیشکی پسپۆڕی دەمار لە ڕووسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “غازيتا.رو” ڕوونی کردەوە کە نەخۆشییەکە سەرەتا بە سڕبوون، لاوازی ئەندامەکانی جەستە، هەستکردن بە دەرزی ئاژەنین، سوتانەوە یان ئازار دەست پێدەکات. بە تێپەڕبوونی کات دۆخەکە خراپتر دەبێت و دەبێتە هۆی قورسبوونی پیاسەکردن و ئەنجامدانی ئەرکە ڕۆژانەییە سادەکانی وەک سەرکەوتن بە پلیکانەکاندا یان هەڵگرتنی شتومەک.
گوتیشی: هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە ژەهراوبوونی ڕاستەوخۆی خانە دەمارییەکان بەهۆی کحولەوە، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی گواستنەوەی ئاماژە دەمارییەکان لە نێوان مێشک و ماسولکەکاندا، بەمەش هاوسەنگی هەستیاریی و جووڵەیی جەستە تێکدەچێت.
ئەم نەخۆشییە دابەش دەبێت بۆ دوو جۆری سەرەکی:
جۆری توند، نیشانەکانی لە ماوەی چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێکدا دەردەکەون. ئەم جۆرە زۆرجار دوای خواردنەوەی بەردەوام و زۆری کحول لە ماوەیەکی کورتدا ڕوودەدات، بە تایبەت ئەگەر جەستە کێشەی کەمی ڤیتامین B1ی هەبێت.
جۆری درێژخایەن، لە ماوەی چەندین مانگ یان ساڵدا گەشە دەکات و ڕەنگە نەخۆش لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هەست بە نیشانەکان نەکات تا ئەو کاتەی دۆخەکە بە تەواوی خراپتر دەبێت.
نیشانەکان جۆراوجۆرن و کۆمەڵێک لایەنی جەستەیی دەگرنەوە:
نیشانە حسییەکان: سڕبوونی دەست و قاچەکان، هەستی سوتانەوە و ئازار.
نیشانە جووڵەیییەکان: لاوازی ماسولکەکان، لەرزین، لەدەستدانی هاوسەنگی، و لە حاڵەتە پێشکەوتووەکاندا گەیشتن بە شەلەل (ئیفلیجی).
نیشانەکانی تر: تێکچوونی لێدانی دڵ، ناڕێکیی پەستانی خوێن، ئارەقکردنەوەی زیاد لە پێویست، و کێشە لە کارکردنی میزڵدان.
دیاریستکردن و ڕێگاکانی چارەسەر
د. ئۆمینۆڤ جەخت لەسەر پێویستی سەردانی دەستبەجێی پزیشکی دەمار دەکاتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی کارەبایی دەمار و ماسولکەکان (EMG/NCV) بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی وەڵامدانەوەی دەمارەکان.
تەوەرەکانی چارەسەرکردن بریتیین لە:
دەرمانی پشتیوان: بەکارهێنانی دژەئۆکسانەکان بۆ پاراستنی ڕیشاڵە دەمارییەکان، ڤیتامینەکانی کۆمەڵەی B، و دەرمانی تایتکردنەوە و باشترکردنی سووڕی خوێن.
مەرجی بنەڕەتی و سەرەکی: وەستاندنی بەکاربردنی کحول بە تەواوەتی. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە پێویستە لە قۆناغی یەکەمدا چارەسەری ئاڵوودەبوون و داڕمانی دەروونی/جەستەیی (ئیرتیشاد) بۆ کەسانی ئاڵوودەبوو ئەنجام بدرێت تا بوار بۆ چاکبوونەوە خۆش بێت.

