پزیشکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە نەخۆشییەکانی جگەر لە زۆر بارودۆخدا وەک “بکوژێکی بێدەنگ” کار دەکەن، چونکە نیشانەکانیان تا قۆناغە زۆر پێشکەوتووەکان دەرناکەون.
جگەر یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە و بەرپرسە لە پرۆسەکانی هەرسکردن، میتابۆلیزمی گلوکۆز، دروستکردنی پروتینەکان و فاکتەرەکانی مەیینی خوێن، پاککردنەوەی خوێن لە ژەهرەکان و دەیان ئەرکی تری بنچینەیی.
تێکچوونی کارکردنی جگەر بەهۆی نەخۆشی، برینداربوون یان شێوازی خۆراکی ناتەندروستەوە، لە قۆناغە درەنگەکاندا زیان بە ئەندامەکانی تری جەستەش دەگەیەنێت؛ لەوانە مەترسیی خوێنریزی لە دەمارەکاندا، کاریگەربوونی مێشک بە ژەهرەکان و پاشەکشەی کارکردنی گورچیلەکان.
نیشانە سەرەکییەکانی کێشەی جگەر
لاوازی و ماندوێتی
درێژخایەن: هەستکردن بە ماندووبوونی خێرا و کەمیی وزە، کە زۆرجار بە هەڵە بۆ گوشاری کار یان کەمیی ڤیتامین دەگەڕێندرێتەوە.
ئازار و گوشار: جگەر خۆی خانەی هەستکردن بە ئازاری نییە، بەڵام ئاوسانی دەبێتە هۆی ڕاکێشرانی پەردەی دەوروبەری؛ ئەمەش هەستکردن بە گوشار لە بەشی سەرەوەی ڕاستی سک دروست دەکات کە ڕەنگە بۆ شانی ڕاست یان پشت بگوێزرێتەوە.
زەردویی: زەردبوونی پێست و سپێنەی چاو بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بیلیڕوبین لە خوێندا.
هەڵسانی سک: کۆبوونەوەی شلە لە ناو بۆشایی سکدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنبەری پۆرتال یان کەمبوونی پروتینی ئەلبۆمین.
خورانی پێست: بەهۆی کۆبوونەوەی ماددە ژەهراوییەکان لە پێستدا کە ناوچەیەکی فراوانی وەک ئەندامەکان، سک و پشت دەگرێتەوە.
گۆڕانی ڕەنگی پیسایی و میز: کاڵبوونی ڕەنگی پیسایی و تۆخبوونی ڕەنگی میز ئاماژەیە بۆ کێشە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بیلیڕوبین یان بۆڕییەکانی زراودا.
دڵتێکەڵبوون و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن: بەهۆی لاوازبوونی دەردانی شلەی زراو کە بۆ هەرسکردنی چەوری پێویستە.
خوێنریزی و شینبوونەوەی خێرا: بەهۆی کەمبوونی بەرهەمهێنانی فاکتەرەکانی مەیینی خوێن، کە دەبێتە هۆی ئاسان شینبوونەوەی پێست، خوێنریزی لووت یان پدووەکان، و قورسبوونی سووڕی مانگانە لە ئافرەتاندا.
بۆچی پێی دەوترێت “بکوژی بێدەنگ”؟
جگەر توانایەکی زۆری بۆ قەرەبووکردنەوە و بونیاتنانەوەی خۆی هەیە؛ دەتوانێت بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی سەرەڕای زیانگەیشتن بە بەشێکی گەورەی خانەکانی. لەبەر ئەوە، نیشانەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بەدی ناکرێن. پشکنینی خولیی خوێن (LVT) و بەئاگاهاتنەوە لە هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی جەستە، تاکە ڕێگەی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پاراستنی تەندروستیی جگەرە.

