zagros news agency

ئەمریکا کونسوڵخانەکانی لە ژاپۆن، کەنەدا و ئەندۆنیزیا دادەخات

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە لە پلانێک بۆ داخستنی پێنج نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە چەند وڵاتێکی جیاوازی جیهان، ئەمەش وەک هەنگاوێکی دەگمەن بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی دیپلۆماسی واشنتن لە دەرەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کە لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستی کەوتووە، ئەو شوێنانەی بڕیاری داخستنیان دراوە بریتین لە: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سانت جۆرج (گرانادا)، کونسوڵخانەکانی لە ناگۆیا (ژاپۆن)، مێدان (ئەندۆنیزیا)، وینیپێگ (کەنەدا)، و نووسینگەی باڵیۆزخانە لە دۆالا (کامیروون).

ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی دەرکردنی زیاتر لە ١٣٥٠ کارمەندی وەزارەتی دەرەوە، کە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ گۆڕینی پێکهاتەی بیرۆکراسی وڵات و گونجاندنی لەگەڵ دروشمی “ئەمریکا لەپێشینەیە”.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەم هەنگاوانەی بە پێویست ناوبرد بۆ ڕێکخستنەوەی وەزارەتێک کە پارێزگاران پێیان وایە “ئاوساوە و خەرجییەکی زۆری بێسوودی هەیە”.

داخستنی ئەم کونسوڵخانانە لە کاتێکدایە کە ڕکابەرە سەرەکییەکانی ئەمریکا، بەتایبەت چین، پێگەی دیپلۆماسی خۆیان لەو شار و ناوچانەدا هەیە. دیموکراتەکان و هەندێک لە بەرپرسانی پێشووی ئاسایشی نیشتمانی هۆشداری دەدەن کە ئەم پاشەکشەیەی ئەمریکا بۆشاییەکی گەورە دروست دەکات و دەرفەت دەداتە چین و ڕووسیا بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنانە.

جێی ئاماژەیە، لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی جۆ بایدن، ئەمریکا چەندین نوێنەرایەتی نوێی لە ناوچەی زەریای هێمن کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی چین، بەڵام ئیدارەی ئێستای تڕەمپ پێی وایە زۆربەی نوێنەرایەتییە بچووکەکان بایەخێکی ئەوتۆیان نییە و تێچووەکانیان لە سوودەکانیان زیاترە.

تا ئێستا وەزارەتی دەرەوە بە فەرمی ناوی ئەو کونسوڵخانانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ڕایگەیاندووە کە ئەوان پابەندن بە ڕێکارەکانی ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس و دەیانەوێت پێگەی دیپلۆماسی وڵاتەکە “کارا و کاریگەر” بێت.

 

رۆیته‌رز

 

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاپۆرتێکی هەواڵگری: کوبا پلانی هێرشکردنە سەر بنکەی گوانتانامۆ دادەنێت

یاسین

سبەی خولی نایابی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی هەستیارتر

یاسین

کەشناسی هەرێم: ئەگەری بارانی بەخوڕ و بەفربارین لە هەندێ ناوچە هەیە

سەڵاح