zagros news agency

زەنگی مەترسیی “کەمئاوی” بۆ سەر ئابووری و کشتوکاڵی ئەڵمانیا و ئەورووپا لێدرا

کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان تەنیا هاتوچۆی کەشتییەکانی پەک نەخستووە، بەڵکوو زیانی بە بەرهەمهێنانی کارەبا و بەروبوومی کشتوکاڵیش گەیاندووە. ئابووریناسان سەبارەت بە دابەزینی گەشەی ئابووری و جووتیارانیش دەربارەی کەمبوونەوەی بەرهەم و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە ئەڵمانیا و ئەورووپا هۆشداری دەدەن.
وشکەساڵی و دابەزینی بێپێشینەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان لە ئەورووپا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر گواستنەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا، کشتوکاڵ و گەشەی ئابووری هەبووە. پسپۆڕانی وزە ئەگەری سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕادەگەیەنن و بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی یەکێتیی ئەورووپا، بەرهەمهێنانی زۆربەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە ڕۆژاوا و نێوەڕاستی ئەم کیشوەرە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
ڕۆژنامەی “بیڵد” لە زمان تیڵۆ شەفەر، پسپۆڕی نێوەندی ئابووریی ئەڵمانیا گواستییەوە، گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ئەم وڵاتە لەوانەیە ٠.٤ لەسەد کەمتر بێت لەوەی پێشتر پێشبینی کرابوو. ناوبراو هۆشداریی دا ئەگەر هاتوچۆی کەشتی لە ڕووباری ڕاین بەهۆی کەمئاوییەوە بۆ ماوەیەکی درێژ پەک بکەوێت، گەشە بچووکەکەی ئابوورییش لەناو دەچێت. بە گوتەی ئەم ئابووریناسە، قەبارەی گواستنەوەی کاڵا کەم دەبێتەوە و زۆر کەرتی ئابووری ناچار دەبن بەرهەمەکانیان کەم بکەنەوە.
بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان، ئەشتێفن بیڵگەر، وەزیری گواستنەوەی ئەڵمانیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی ئاب، لە شاری بۆن کۆبوونەوەیەکی پسپۆڕی ڕێک دەخات. ئەم کەمئاوییە لە فەڕەنسا و هەنگاریاش کێشەی بۆ وێستگە ئەتۆمییەکان دروست کردووە. لە هەنگاریا وێستگەیەکی ئەتۆمی کە کارەبای هەموو وڵاتەکە دابین دەکات، بەهۆی نەبوونی بورجی ساردکەرەوە، بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ئاوی ڕووباری دانووب و ئێستا مەترسیی لەکارکەوتنی لەسەرە.
ئەندریاس شرۆدەر، پسپۆڕی وزە لە “بنیادنانی هەرتی” بە ڕادیۆی “دۆیچلاندفۆنک”ی گوت، وێستگەکانی خەڵووز و گاز بۆ ساردکردنەوە پێویستییان بە ئاو هەیە و بۆ گواستنەوەی سووتەمەنیش پشت بە کەشتی دەبەستن، کە ئێستا ئەم هاتوچۆیە تێک چووە.
لە کەرتی کشتوکاڵیشدا، یەکێتیی جووتیارانی ویلایەتی هێسن ڕایگەیاند بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و نەبارینی باران، لەوەڕگەکان گەشەیان وەستاوە و ئاژەڵداران لە دابینکردنی ئالیکدا تووشی کێشە بوونەتەوە. لە فەڕەنساش بەروبوومی گەنمەشامی و سەوزەوات زیانی زۆریان بەرکەوتووە. وەزارەتی کشتوکاڵی ئیسپانیاش پێشبینی دەکات بەرهەمی دانەوێڵە لە ٢٤ ملیۆن تۆنەوە بۆ ١٨.٥ ملیۆن تۆن دابەزێت.
بەپێی ئامارەکانی نێوەندی چاودێریی سەرچاوە کشتوکاڵییەکانی سەر بە کۆمیسیۆنی ئەورووپا، بەرهەمهێنانی گەنم و گەنمەشامی و گوڵەبەڕۆژە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. تەنیا لە تورکیا دۆخەکە باشە و بەهۆی بەهارێکی فێنک و پڕباران، پێشبینیی بەرهەمێکی بێپێشینە دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

هۆشداری لە لەنێوچوونی سیستمی تەندروستی غەززە دەدرێت

یاسین

دوو قوتابخانەی نوێی ۱۲ پۆلی لە دەڤەری بەردەڕەش کرایەوە

یاسین

پرسه‌نامه‌يه‌ك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

یاسین