zagros news agency

وەزارەتی ئەوقاف ژمارەیەک قوتابی دەنێرێتە زانکۆی ئەزهەر

 

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی ژمارەیەک قوتابی بۆ وڵاتی میسر بە مەبەستی خوێندن لە زانکۆی جیهانیی “ئەزهەر” کۆتاییان هاتووە و بڕیارە لە ئایندیەکی نزیکدا قوتابیان گەشت بکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە (6/8/2026)، هەریەکە لە فارس جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەت و گۆران محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر، لەگەڵ ئەو قوتابیانە کۆبوونەوە کە ناویان بۆ خوێندن لە میسر گەڕاوەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەیامی پشتیوانیی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە قوتابیان گەیەندرا. بەرپرسانی وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنیان تاوەکو بە سەرکەوتوویی قۆناغەکانی خوێندنیان تەواو دەکەن.

بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف داوایان لە قوتابیان کرد، لە ماوەی مانەوەیان لە میسر “وەک نوێنەری شایستەی کلتووری پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان” دەربکەون و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن. هەروەها هیوایان خواست قوتابیان بتوانن بە پلەی بەرز بڕوانامەکانیان لە زانکۆی ئەزهەر بەدەستبهێنن، کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە زانستی و ئایینییەکانی جیهانی ئیسلامی.

لەلایەکی دیکەوە، قوتابیانی بەشداربوو سوپاسی وەزارەتی ئەوقافیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە و دابینکردنی پاڵپشتییە پێویستەکان.

ناردنی قوتابیان بۆ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان لەلایەن چاودێرانی ئایینییەوە بە هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت؛ ئەوان پێیان وایە ئەمە دەورێکی باڵا دەبینێت لە گۆڕینەوەی ئەزموونی زانستی و برەودان بە “فیکری میانڕەوی” لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا.

زانکۆی ئەزهەر لە قاهیرە، لە چوارچێوەی پەیوەندییە کلتووری و ئایینییە دێرینەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی میسر، ساڵانە چەندین کورسیی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێم دابین دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشانگەی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمبێلی لە هەولێر کردەوە

سەڵاح

پەرلەمانتارێکی پارتی: کەسانێک وایان لە دەسەڵاتدارانی بەغدا گەیاندووە کە مووچە ڕەوانە نەکەن و خەڵکی کوردستان برسی بکەن

دڵشاد

بارسێلۆنا ڕایگەیاند یاریزانێکی تووشی پێکان هاتووە

یاسین