ڕێکخراوی هيومان رایتس وۆچ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلی لە لوبنان بە “تاوانی جەنگیی بەمەبەست” وەسف کرد، جەختی لەسەر پێویستیی پەیوەستبوونی حکوومەتی لوبنان بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کردەوە.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی سوپای ئیسرائیل لە 22ی نیسانی 2026 لە لوبنان ئەنجامی دا، و بووە هۆی کوژرانی ڕۆژنامەنووسێک و برینداربوونی یەکێکی تر، بریتی بوون لە هێرشی “بەمەبەستی خەمڵێنراو” بۆ سەر خەڵکی سڤیل و پێکهاتە مەدەنییەکان، کە ئەمەش دەیانكات بە “تاوانی جەنگ”.
ڕوونیشی کردەوە، هێرشەکان بۆ سەر شاری تیری لە باشووری لبنان، بووە هۆی کوژرانی ڕۆژنامەنووس “ئامال خەلیل”، کە بۆ ڕۆژنامەی “ئەخبار”ی لوبنانی کاری دەکرد و پێکدادانەکانی باشووری لبنانی ڕووماڵ دەکرد و هەروەها ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆی لوبنانی “زەینەب فەرەج”ی بریندار کرد، کە وەک وێنەگر هاوڕێی بوو.
لە لای خۆیەوە، ڕەمزی قەیس، توێژەری لوبنان لە ڕێکخراوی “هيومان رایتس وۆچ”، گوتی “سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئامانج لە هێرشەکانی ڕۆژنامەنووسان نیین، بەڵام ڕووداو و بەڵگەکان پیشان دەدەن کە چەندین جار ئەوەیان کردووە. ئامال خەلیل و زەینەب فەرەج دوایین دوو قوربانین لە زنجیرەیەکی درێژی ئەم هێرشانە. بەردەوامبوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، ئامادەیییەکی ئاشکرا بۆ ئەنجامدانی کارەساتی قێزەون بەبێ هیچ ترسانێک لە لێپرسینەوە دەردەخات”.
ڕێکخراوەکە جەختی لەوەش کردەوە، وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە یاساکانی جەنگ لە لبنان و ناوچەکەدا، هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل، لەوانەش ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و وڵاتانی تری “یەکێتیی ئەوروپا”، دەبێت دەستبەجێ هەموو گواستنەوەیەکی چەک و هاوکارییە سەربازییەکان بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرن، و سزای تایبەت بەسەر بەرپرسە ئیسرائیلییە تێوەگلاوەکان لەو پێشێلکارییە بەردەوامانەدا بسەپێنن.
ڕێکخراوەکە داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کرد کە دەستبەجێ کۆڵەکەی بازرگانی لە ڕێککەوتنامەی هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵپەسێرێت، تا ئەو کاتەی تاوانە قێزەونەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی لبنان پەیوەست بێت بە پەیڕەوی ڕۆمای بنەڕەتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە و ڕاگەیەندراوێک پێشکەش بکات کە تێیدا دەسەڵاتی دادگاکە بۆ سەر ئەو ڕووداوانەی کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە ڕوویانداوە قبووڵ بکات.

