ئاژانسی ئەنادۆلۆی تورکی بڵاوی کردەوە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، لە شاری ئەنقەرە لەگەڵ ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە. دیدارەکە چەندین دۆسیەی گرنگی ئەمنی و سیاسی لەخۆگرتبوو کە پەیوەستن بە ئاییندەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.
ئەم ئاژانە رایگەیاند, بەپێی زانیارییەکان لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی تیشک خرایە سەر پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو سووریادا. ئاماژە بەوە درا کە هەنگاوی بونیاتنەر نراون بۆ بە سەرکەوتوویی کۆتاییهێنان بەم پرۆسەیە. هاوکات، هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەتایبەت چالاکییەکانی حکومەتی سووریا دژ بە ڕێکخراوی داعش بۆ چەسپاندنی سەقامگیری.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا، هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، و پێشهاتەکانی لوبنان. هەروەها گفتوگۆ کرا لەبارەی پێشنیازی یاسایەک بۆ “بەهێزکردنی هاودەنگی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” و ڕەنگدانەوەکانی لەسەر دۆخی ناوخۆی سووریا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە دەرهاویشتە سیاسی و ئابوورییەکانی ململانێی نێوان (ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران) لە ناوچەکەدا کرا. هەروەها باس لە دۆسیەی سزاکانی سەر سووریا و دوایین پەرەسەندنەکانی بواری وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا کرا، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان.
AA

