لە یادکردنەوەی ٢١ ساڵەی دامەزراندنیدا، پەرلەمانی ئەڵمانیا وەک پێزانینێک بۆ هەوڵ و چالاکییە مرۆییە بەردەوامەکانی، خەڵاتی ڕێزلێنانی مرۆیی بەخشییە دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
ئەمڕۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: “ئەم ڕێزلێنانەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڵگەی ئەو متمانە گەورەیەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کارەکان و شەفافییەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیەتی.”
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەزگاکەیان لەسەر ئاستی جیهانی وەک ناوەندێکی جێ متمانە ناسراوە و ئەم خەڵاتە دەبێتە پاڵنەرێکی نوێ بۆ ئەوەی بە گوڕوتینێکی زیاترەوە بەردەوام بن لە خزمەتکردنی لێقەوماوان و نیازمەندان، بێ جیاوازی.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، موسا ئەحمەد زانیارییەکی گرنگی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: “لە ماوەیەکی نزیکدا، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگییە مرۆییەکان و کارە هاوبەشەکاندایە.”
دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە ٢١ ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، یەکێکە لە کاراترین ڕێکخراوە مرۆییەکانی ناوچەکە و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران و گەیاندنی کۆمەک بۆ ناوچە لێقەوماوەکانی جیهان.

