سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و ڕایدەگەیەنێت، قەیرانی دارایی ئێستا هیچ جۆرە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق نابێت و شایستە داراییەکانیان بە تەواوەتی پارێزراون.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیار و پلانە داراییەکان، حکومەت دەتوانێت مووچەی ٦ بۆ ١٢ مانگی داهاتووش بە تەواوەتی بۆ فەرمانبەران مسۆگەر بکات، بەبێ ئەوەی لێبڕین یان دواکەوتنی تێدا ڕووبدات.
شێروانی تیشکی خستە سەر هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەم قەیرانە و ڕوونی کردەوە، کە ٩٠٪ی داهاتی گشتی عێراق لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە تەنگەی هورمزدا دابین دەکرێت، گۆڕانکارییەکانی ئەو ناوچەیەش کاریگەری لەسەر هەناردەکردن دروست کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتی کردەوە کە بەغداد چەندین ڕێکاری دارایی گونجاوی لەبەردەستدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە و تێپەڕاندنی قەیرانەکە بە کەمترین زیان.

