هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای ئەنبار لە ئۆپەراسیۆنێکی پشکنیندا لە بیابانی ناوچەی “تایشی دووەم”، دەستیان بەسەر ٤٨٠ سەری گوللەتۆپی عەیار ٥٧ ملمی بەجێماوی چەکدارانی داعشدا گرت کە لە ناو ٦ سندووقی تەقەمەنیدا شاردرابوونەوە.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، دەست بەسەر ئەم بڕە زۆرەی تەقەمەنییانەدا گیراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی ڕێکارە یاسایی و ئەمنییە پەسەندکراوەکان مامەڵە لەگەڵ کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکاندا کراوە بۆ بێوەیکردنیان.
پاشماوە جەنگییەکانی ڕێکخراوی داعش لە مین، بۆمبی چێنراو و تەقەمەنییە نەتەقێنراوەکان تا ئێستاش وەک مەترسییەکی کوشندە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەمێننەوە. لە نوێترین ڕووداوی لەو شێوەیەدا، لە ٤ی حوزەیرانی ڕابردوو بەهۆی تەقینەوەی مینێکی بەجێماوی داعش لە قەزای ڕوومادی، هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕێکخراوی داعش لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا دەستی بەسەر نزیکەی سێیەکی خاکی عێراقدا گرت، بەڵام لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا عێراق بە فەرمی و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، سەرکەوتنی بەسەر ڕێکخراوەکە و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی ڕاگەیاند. بەڵام تا ئێستاش پاشماوە تەقەمەنییەکانی داعش بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم سەقامگیریی تەواوەتیی پارێزگا ئازادکراوەکاندا.

