وەزیری نەوتی عێراق، باسم محمد خزەیر ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئاستی هەناردەکردنی نەوت ناتوانێت بگاتە بڕەکانی پێشوو، بەڵام دوای کۆتاییھاتنی جەنگ دەکرێت پرۆسەی هەناردەکردن بگەڕێندرێتەوە بۆ ئاستی پێشووی خۆی.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ تورکیا، وەزیر ڕوونیکردەوە کە ڕێککەوتنەکە نوێکراوەتەوە و مەرجی تایبەتی تێدابووە؛ لە بەرامبەردا تورکیا پێشنیازی کردووە کارەکە تەنیا لە گواستنەوەی نەوت و بەشداریی عێراق لە هەندێک پڕۆژەدا کورتبکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو بڕەی پلانی بۆ دانراوە کە ٧٠٠ هزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، ناتوانرێت تەنیا لە ڕێگەی کەرکووکەوە دابین بکرێت.
پەیوەست بە دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، خوزەیر جەختی کردەوە کە ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی، هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکاندا هەیە و دەکرێت بەپێی دانوستانەکان هەموار بکرێتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە وەزارەتی نەوت هیچ جیاوازییەک لە نێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا ناکات.
لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد کە دۆسیەی هەرێم پێویستی بە گفتوگۆی بەردەوام هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتمانی بکات. هەروەها ئاشکرای کرد کە یەکێک لە ئامانجەکانی وەزارەت دروستکردنی کۆگای نەوتە لە هەندێک لە وڵاتان و کارکردن لەسەر ئەم دۆسیەیە بەردەوامە.

