ئەمڕۆ یەكشەممە 2026/8/9، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە سەردار یوكسەل، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد.
لە دیدارێكدا، وێڕای بەخێرهێنان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پشتگیرییە بەردەوامەكانی حكوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی كوردستان كرد لە كاتە سەختەكاندا، بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆردا، هەروەها سوپاسێكی تایبەتی بەڕێز یوكسەلی كرد بۆ ئەو ڕۆڵەی كە لە هەموو بوارەكاندا بۆ پشتیوانیی هەرێمی كوردستان گێڕاویەتی و ئەم ڕۆڵەی بەرز و گرنگ نرخاند.
لای خۆیەوە سەردار یوكسەل خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی كە لێی كراوە دەربڕی، هەروەها ڕۆڵی كاریگەری سەرۆكی هەرێمی کوردستانی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی پاراستنی پێگەی هەرێمی كوردستان و ئاشتی و ئاشتەوایی و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە، بەرز نرخاند.
تاوتوێكردنی دوایین پشهاتەكانی ناوچەكە و زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

