نە هاکەرێک لە ئارادایە، نە تاوانکارییەکی مەیدانی و نە بانکێک لەوبەری هێڵەکه هەیه؛ تەنها سێناریۆیەکە کە وادەکات بە دەستی خۆت هەژماری بانکیی خۆت بەتاڵ بکەیتەوە. خەڵەتاندنەکانی «فانتۆم هاکەر» (Phantom Hacker) کە بە فانتۆم ناسراون، لە ساڵانی دواییدا بە شێوەیەکی بەربڵاو زیادیان کردووە؛ تاوانکاران قوربانییەکان باوەڕ پێدەهێنن کە زانیاریی کۆمپیوتەر یان سەرمایەکانیان لە ژێر مەترسیی هاکدا بووە و فشاریان دەخەنە سەر تا سەرمایەکانیان بۆ هەژمارێکی گوایا «پارێزراو» بگوازنەوە.
فانتۆم هاکەر چۆن کار دەکات؟ (قۆناغەکانی خەڵەتاندن):
١- پشتیوانیی تەکنیکیی ساختە: تەلەفۆنێک، پەڕەیەکی پۆپ ئاپ یان نامەیەک دەگات کە بانگەشەی بوونی ڤایرۆس لەسەر کۆمپیوتەر یان مۆبایلەکەت دەکات. ئەگەر پەیوەندی بکەیت، کەسێک وەک کارمەندی پشتیوانیی تەکنیکی داوات لێدەکات بەرنامەی کۆنتڕۆڵی دووربەدوور (Remote Access) دابەزێنیت.
٢- ئاگادارکردنەوەی ساختەی بانک: کەسێکی دیکە پەیوەندی دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەژمارە بانکییەکانت لە ژێر هێرشدا بوون. لەبەر ئەوەی پێشتر دەستگەیشتنیان بە ئامێرەکەت هەبووە، لە کاتی چوونەژوورەوەتدا زانیارییە نهێنییەکانت تۆمار دەکەن.
٣- نوواندنی کەسایەتیی دەسەڵاتداری حکومی: کەسی سێیەم وەک کارمەندی جێبەجێکاری یاسا یان دەزگایەکی حکومی پەیوەندی دەکات و گوشارت دەخاتە سەر تاوەکو پارەکانت ڕەوانەی هەژمارێکی جیاواز بکەیت، یان بیکڕیتە ئاڵتوون و دراوی دیجیتاڵی تا بە زاراوەی خۆیان لە فەوتان بپارێزرێت.
تەکیتکی سەرەکی و ڕێگەکانی بەرگری:
تەکتیک: دروستکردنی هەستی پەلەپەل و سەپاندنی ترس لە ناو قوربانییەکەدا تاوەکو بە بێ بیرکردنەوە بڕیار بدات.
ڕێگەکانی پاراستن:
بە هیچ جۆرێک بڕوا بە تەلەفۆن، پەیام یان پۆپ ئاپی ناپێشبینیکراوی بانک یان پشتیوانیی تەکنیکی مەکە و ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکە بپچڕێنە.
هیچ بەرنامەیەکی دەستگەیشتنی دووربەدوور (Remote) لەسەر داوای کەسانی نەناسراو دابەمەزرێنە.
هیچ بانک یان دامەزراوەیەکی فەرمی داوا ناکات پارەکانت بۆ هەژمارێکی دیکە بگوازیتەوە یان ئاڵتوون و دراوی دیجیتاڵی پێ بکڕیت.
جیاوازیی فانتۆم هاکەر لەگەڵ «قەرزی فانتۆم» (Phantom Debt):
لە قەرزی فانتۆم یان قەرزی زۆمبیدا، تاوانکاران هەوڵدەدەن قوربانیان ناچار بکەن قەرزە ساختە یان بەسەرچووەکان بدەنەوە.
لە ئێستادا تاوانکاران مۆدێلە زمانییە گەورەکان (LLMs) و ژیریی دەستکرد بەکاردێنن تاوەکو هەڕەشەی یاسایی و کارگێڕیی زۆر قەناعەتپێکەر بە شێوەی خۆماڵی دابڕێژنەوە.
هەروەها بریکارە ئۆتۆماتیکییەکانی ژیریی دەستکرد بەکاردێنن بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی بەکارهێنەران و دروستکردنی فایلی دەنگیی شێوێندراوی بەرپرسانی بانک یان یاسا.
تاوانکاران لە ڕێگەی زمانی ئاڵۆز و هەڕەشەی گرتنەوە، ئامانجەکان (بە تایبەت بەساڵاچووان) دەتۆقێنن. لەم حاڵەتانەشدا دەبێت پەیوەندییەکە بپچڕێنرێت و داوای «نووسراوی پشتڕاستکردنەوەی قەرز» بکرێت یان ژمارەکە بلۆک بکرێت.

