zagros news agency

نوێنه‌ری پارتی له‌ قاهیره‌ بۆ زاگرۆس باس له‌ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ دۆخی ناوچه‌كه‌ دەکات

 

نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ میسر باس له‌ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات بۆ دۆخی ناوچه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ کشانەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە هەولێر یەکێکە لە بابەتەکانی نیگەرانیی ئاسایشی ناوچەکە، بۆیە خوێندنەوەی سەرۆک بارزانی تەنیا خوێندنەوەی رابردوو نییە، خوێندنەوەی پەیوەندیی نێوان رابردوو، ئێستا و داهاتووە.

شێركۆ حه‌بیب بۆ زاگرۆس گوتی: ناوی سەرکردە مەسعود بارزانی دێتە پێشەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و داهاتووی ناوچەکە باس دەکرێت، بۆ سەرۆک بارزانی بابەتێکی نوێ نییە.پازدە ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی 2011، لە کاتێکدا هێشتا داعش بوونی نەبوو، سەرۆک بارزانی بە روونی ئەوەی خستە روو کە کشانەوەی ئەمریکا، بێ ئەوەی دامەزراوە ئاسایشییەکانی عێراق ئامادە بن، دەبێتە هۆکاری مەترسی گەورە، ئەو لەو کاتەدا باسی ئەوەی کرد، هێزە عێراقییەکان هێشتا توانای تەواوی پاراستنی سنوور و ئاسمانی عێراقیان نەبوو، هەروەها رایگەیاند، زیادبوونی کێشە ناوخۆییەکان و دەستێوەردانی دەرەکی کرد.

ئه‌وه‌شی خسته‌وو: کاتێک ساڵی 2014 هات و داعش بە خێرایی بەشێکی گەورەی خاکی عێراقی گرت و هەڕەشەیەکی گەورەی ئاسایشی دروست کرد، لێرەدا گرنگیی خوێندنەوەی سەرۆک بارزانی دەردەکەوێت، و لە ساڵی 2011 نەیگوت، حەتمەن هەمان رووداو بە هەمان شێوە دووبارە دەبێتەوە، و لە وتووێژێکی نوێدا، سەرۆک بارزانی دووبارە گەڕایەوە بۆ ئەزموونی ساڵی 2011 و رایگەیاند، مەترسییەکە هەر هەمانە: ئەگەر هێزەکان بکشێنەوە و دامەزراوەکانی عێراق و پێشمەرگە بە تەواوی ئامادە نەبن، ئەگەری گەڕانەوەی داعش هەر دەمێنێتەوە.بەڵام گرنگترین خاڵ لە قسەکانی سەرۆک بارزانی تەنیا «کشانەوە» نییە ئەوەی دوای کشانەوە روودەدات گرنگترە.

شێرکۆ حەبیب دەشڵێت: چونکە لە سیاسەتدا کۆتایی هێزێک تەنیا کۆتایی مەترسی نییە. ئەگەر بۆشایی دروست بێت، دەبێت هێزی تر هەوڵی پڕکردنەوەی بدات. ئەگەر بڕیاری ئاسایشی یەکگرتوو نەبێت، بڕیارەکان دەتوانن ببنە سەرچاوەی ناکۆکی. ئەگەر چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا نەبێت، قسەکردن لەسەر دەوڵەتێکی بەهێز سەخت دەبێت.لەبەر ئەوە، سەرۆک بارزانی کاتێک باس لە مەترسیی دوای کشانەوە دەکات، تەنیا لە سەر هێزی ئەمریکا قسە ناکات، بەڵکو لە ئایندەی عێراق قسە دەکات.عێراق تەنیا پێویستی بە دامەزراوەیەکی سەربازی نییە، پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی و هاوبەشیی نێوان پێکهاتەکانی هەیە. چونکە ئەزموونی ساڵانی رابردوو نیشانیداوە، کێشەی سیاسی، ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت ببێتە کێشەی ئاسایشی.لە ساڵی 2011دا سەرۆک بارزانی لە بۆشاییی ئاسایشی ترسی هەبوو، ئەمڕۆش پرسیاری سەرەکی هەر ئەوەیە: ئایا عێراق بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەکی نوێ ئامادەیە؟

راشی گه‌یاند: سەرۆک بارزانی لە ماوەیەکی درێژدا، لە بابەتی عێراقەوە تا بابەتی کوردستان، گرنگی بەوە داوە کە هیچ بڕیارێکی گەورە نابێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی بدرێت.ئەمڕۆش پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە: ئەمریکا دەڕوات یان نامێنێت؟پرسیاری گەورەتر ئەوەیە: عێراق دوای ئەمڕۆ چۆن دەیەوێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت؟ ئایا دامەزراوەکانی دەوڵەت توانای ئەوەیان هەیە بۆشایییەکانی ئاسایشی پڕ بکەنەوە؟ ئایا بڕیاری ئاسایشی یەکگرتوو دەبێت؟ئایا چەک بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەبێت؟ ئایا پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستور و هاوبەشی بەردەوام دەبێت؟و لە هەمووی گرنگتر، ئایا عێراق لە ئەزموونی ساڵانی رابردوو فێر بووە؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن کە دەبێت پێش رووداوەکان وەڵامیان بدرێتەوە.چونکە مێژوو هەمیشە بە هەمان شێوە دووبارە نابێتەوە، بەڵام مەترسییەکان دەتوانن بە هەمان هەڵەکانەوە دووبارە ببنەوە.لەوێدا گرنگیی روانگەی سەرۆک بارزانی دەردەکەوێت.ئەوەی ئەو لە 2011دا بینی، ئەوە بوو کە کشانەوەی هێزەکان چارەسەر نییە، چارەسەر ئەوەیە کە دەوڵەت بتوانێت بەرپرسیارێتییەکەی بە تەواوی بگرێتە ئەستۆ.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوپای سووریا دەستی بەسەر دەروازەی (یەعروبییە)دا گرت

سەڵاح

دەست بە ئامادەکارییەکانی پرۆسەی حەجی ٢٠٢٦ دەکرێت

یاسین

پرسەنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ نووری عوسمان

سەڵاح