zagros news agency

لیوا عەزیز وەیسی بۆ زاگرۆس: عێراق ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات و پێشمەرگەش لە ئامادەباشی تەواودایە

 

لەبارەی داهاتووی عێراق و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (زاگرۆس)، ڕایگەیاند کە پێویستە عێراق خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان ئامادە بکات، چونکە بەهۆی دۆخی تایبەتی و ناکۆکیی هێزە سیاسییەکانەوە، پێناچێت عێراق بەتەنیا بتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات.
لیوا عەزیز وەیسی ئاماژەی بە چەند هۆکارێکی سەرەکی کرد بۆ لاوازیی عێراق، لەوانە: نەبوونی یەکڕیزیی سیاسی، زاڵبوونی ئەجیندای دەرەکی بەسەر سیاسەتی وڵاتدا، هەبوونی گرووپی چەکداری دەرچوو لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت، و لە هەموویان مەترسیدارتر سەرهەڵدانەوەی داعش کە وەک لە ساڵی 2014دا ڕوویدا، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی جەختی لەسەر ئامادەیی و توانای هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند: “پێشمەرگە بە هەموو ئیرادەیەکەوە ئامادەیە و خۆی بە باشی ڕێکخستووەتەوە؛ ئێستا سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە یەکگرتوون و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە پرۆسەی یەکخستنەوەیاندا.” هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە سەرەڕای ئیرادەی بەهێزی پێشمەرگە، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان پێویستی بە هاوکاری، ڕاهێنان و دابینکردنی چەک هەیە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، لیوا عەزیز وەیسی هشداری دا کە ئەگەر بڕیاری گونجاو نەدرێت و هەنگاوی کردەیی نەنرێت، دوو سیناریۆی مەترسیدار لە ئارادان:
1. سیناریۆی هاوشێوەی یەمەن و کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە.
2. بەکارهێنانی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە دروست دەبێت بۆ سەرهەڵدانی گرووپی توندڕەوی نوێ.

هەواڵی پەیوەندیدار

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له‌ یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان دەکات

سەڵاح

راگەیەنراوی فراکسیۆنی پارتی لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق

یاسین

ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێكی هەڵاتووی بەغدا دەستگیر دەكات

سەڵاح