zagros news agency

خواردنی گۆشت ئەگەری گەیشتن بە تەمەنی 100 ساڵی زیاد دەکات

شێوازی سیستمی خۆراکیی هەر کەسێک رۆڵێکی گرنگ لە دیاریکردنی داهاتووی تەندروستی و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا دەبینێت. پزیشکان روونیکردەوە، سیستمی خۆراکیی تەندروست کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر درێژکردنەوە یان کورتکردنەوەی تەمەنی مرۆڤ هەیە.

زۆر کەس پەنا دەبەنە بەر سیستمی خۆراکیی رووەکی، لەکاتێکدا بەشێکی دیکەیان گۆشت دەخۆن. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، پێداویستییە خۆراکییەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت و گرنگیدان بە وەرگرتنی ڤیتامین و کانزا دیاریکراوەکان لە سیستمی خۆراکیی رۆژانەدا دەبێتە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر.

خواردنەکان کە ئەم پێکهاتە خۆراکییانە دابین دەکەن، بۆ پاراستنی تەندروستیی ئێسک و بارستەی ماسولکەکان پێویستن. لە بارودۆخێکی نموونەییدا، پێویستە پێگەیشتووان رۆژانە پرۆتینی کوالێتی بەرز، ڤیتامین دی، ڤیتامین بی 12 و کالسیۆم وەربگرن بۆ ئەوەی بارستەی ئێسکێکی تەندروستتر مسۆگەر بکەن.

رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێس لە راپۆرتێکدا پشت بە توێژینەوەیەکی نوێی زانستی لە چین دەبەستێت و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کەسانەی گۆشت ناخۆن، بەتایبەت لە تەمەنی هەڵکشاودا، ئەگەری گەیشتنیان بە تەمەنی سەد ساڵی کەمترە بەراورد بەو کەسانەی گۆشت دەخۆن. ئەو توێژینەوەیە بە ناونیشانی “توێژینەوەی چینیی درێژخایەن بۆ تەمەندرێژیی تەندروست” زیاتر لە 5000 پێگەیشتووی چینی گرتووەتەوە کە تەمەنیان 80 ساڵ یان زیاتر بووە.

توێژەران دەریدەخەن، توێژینەوەکەیان لە ساڵی 1998 دەستپێکردووە و دوای 20 ساڵ لە ساڵی 2018، دەرکەوتووە ئەو بەشداربووانەی سیستمی خۆراکیی بێ گۆشتیان هەبووە، بەراورد بە گۆشتخۆرەکان کەمتر ئەگەری ئەوەیان هەبووە بگەنە تەمەنی سەد ساڵی. سەرەڕای ئەوەی سیستمی خۆراکیی رووەکی پێشتر بە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و قەڵەوی بەستراوەتەوە، بەڵام ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات گۆشت یان بەرهەمە ئاژەڵییەکان رەنگە رۆڵیان لە تەندروستیی گشتیی زۆر کەسدا هەبێت، بەتایبەت لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن.

سەرەڕای ئەوەی میوە و سەوزەکان بڕێکی زۆر لە ریشاڵ و ڤیتامین و پێکهاتەی دیکە دابین دەکەن، بەڵام کاتێک باس لە ڤیتامینەکانی گرووپی بی دەکرێت، لە سیستمی خۆراکیی رووەکیی تونددا وەرگرتنی بڕی پێویستی رۆژانە دەبێتە ئاستەنگ.

رۆژنامەی دیلی ئێکسپرێس بڵاویکردەوە، راپۆرتی زۆر لەسەر ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە هەن و ماڵپەڕی ساینس ئەلێرت-یش تیشکی خستە سەر ئەو راستییەی کە پێداویستیی جەستە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن دەگۆڕێت. ماڵپەڕەکە روونیکردەوە، توێژینەوەکە تەرکیزی خستووەتە سەر ئەو کەسانەی تەمەنیان 80 ساڵ یان زیاترە، کە پێداویستییە خۆراکییەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو جیاوازە لە پێداویستیی گەنجان.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، گۆڕانکارییە فیسیۆلۆژییەکان بڕ و جۆری ئەو خواردن و پێکهاتانەی مرۆڤ پێویستی پێیەتی دەگۆڕێت. رێژەی بەکارهێنانی وزە کەمدەبێتەوە، هاوکات بارستەی ماسولکە، چڕیی ئێسک و ئارەزووی خواردن روو لە کەمبوون دەکەن، ئەم گۆڕانکارییانەش مەترسیی بەدخۆراکی و لاوازیی جەستەیی زیاد دەکەن.

داتاکانی توێژینەوەکە دەریدەخەن بەساڵاچووانی گۆشتنەخۆر رەنگە هەندێک لەو سوودە تەندروستییانە لەدەست بدەن کە گۆشت دابینی دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە وەرگرتنی پرۆتین بۆ بەساڵاچووان گرنگتر دەبێت. لە بەرامبەردا، گەنجان رەنگە رووبەڕووی هەمان مەترسیی کەمیی پێکهاتە خۆراکییەکانی نێو گۆشت نەبنەوە، چونکە ئەگەری تووشبوون بە شکانەوەی ئێسک بەهۆی کەمیی ئاستی کالسیۆم لای بەساڵاچووان زیاترە.

بەمپێیە، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن ئەولەوییەتە خۆراکییەکان دەگۆڕێن و وەرگرتنی پێکهاتە خۆراکییەکان دەبێتە پێویستییەکی بنەڕەتی. یەکێک لە گریمانەکانی پەیوەست بە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە کە دەریدەخات ئەگەری گەیشتن بە تەمەنی سەد ساڵی لای گۆشتخۆرەکان گەورەترە، بریتییە لەوەی ئەنجامەکان رەنگدانەوەی ئەو ئاستەنگە خۆراکییانەن کە پەیوەندییان بە بەساڵاچوونەوە هەیە.

تێبینیی ئەوە کراوە کەمبوونەوەی ئەگەری گەیشتن بە تەمەنی سەد ساڵی لای گۆشتنەخۆرەکان تەنیا لەنێو ئەو بەشداربووانەدا بووە کە کێشیان کەم بووە، لەکاتێکدا بەساڵاچووانی خاوەن کێشی تەندروست بەراورد بە گۆشتخۆرەکان کاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر نەبووە. یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی توێژینەوەکە تۆماری کردووە، ئەوەیە بەشداربووانی گۆشتنەخۆر ئەگەر بەرهەمی شیرەمەنی، ماسی یان هێلکەیان خواردبێت، هەمان ئەگەری گۆشتخۆرەکانیان بۆ گەیشتن بە تەمەنی سەد ساڵی هەبووە.

توێژەران جەختیانکردەوە، خستنەپاڵی بڕێکی مامناوەند لە خۆراکی سەرچاوە ئاژەڵییەکان مرۆڤ لە بەدخۆراکی دەپارێزێت و بەمەش رێگری لە پاشەکشەی بارستەی ماسولکەکان لە تەمەنی پیریدا دەکات، ئەوەش کاتێک بەراورد دەکرێت بەو کەسانەی تەنیا سیستمی خۆراکیی رووەکیی توند پەیڕەو دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاو كرده‌وه‌

سەڵاح

پارێزگای هەولێر: لە نزیکترین کاتدا بازاڕی قەیسەریی بە ڕووی هاووڵاتییان دەکرێتەوە

سەڵاح

زەیدی داوای «شۆڕشێک» لە یاسا و یاساداناندا دەکات

سەڵاح