وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند کە دوو سەربازی سوپای عێراق لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوی پاشماوەی چەکدارانی داعش کوژراون و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.
لیوا یەحیا ڕەسووڵ عەبدوڵڵا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، ڕووداوەکە لە سنووری بەرپرسیارێتیی لیوای 27ی میکانیکی سەر بە فیرقەی حەوتی پیادە، لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، ڕوویداوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تەقینەوەکە لە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین لە باکووری بیابانی ڕاوە، لە باشووری پارێزگای نەینەوا، ڕوویداوە.
وەزارەتی بەرگری هەروەها ڕایگەیاندووە کە دوو سەربازی بریندارکراو بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکیی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری، سەرەخۆشیی وەزارەتەکەی بۆ بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکان دەربڕیوە و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.
لە هەمان کاتدا، وەزارەتی بەرگری جەختی لە بەردەوامبوونی هێزەکانی سوپا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پاشماوەکانی داعش کردووەتەوە و وتوویەتی هێزەکان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و لەناوبردنی سەرچاوە و حەشارگەکانی ئەو گرووپە، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق.

