فابیۆ سیلڤای هێرشبەری یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و خۆرخێ جێسوسەوە لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بووەتە یەکێک لە سوودمەندە سەرەکییەکان و دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخساوە تاوەکو پێگەی خۆی لە پێکهاتەکەدا بچەسپێنێت.
جێهێشتنی کەمپی پۆرتوگال لەلایەن کریستیانۆوە دوای یەدەگبوونی لە یارییەکانی نەیشنزلیگ، دەرگای بۆ سیلڤای تەمەن 24 ساڵان کردەوە کە ڕووناكی بخاتە سەر تواناکانی و لە یاریگەی دراگاو بەرامبەر نەرویج دووەم یاریی نێودەوڵەتی خۆی ئەنجام بدات، لە کاتێکدا ئەو هەمیشە ڕۆناڵدۆی بە هاندەری یەکەم و سەرچاوەی ئیلهامی خۆی لە منداڵییەوە زانیوە.
ئەم پێشکەوتنە خێرایەی لە هەڵبژاردەدا هاوکاتە لەگەڵ ئاستە بەرزی لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتمۆند لەژێر سەرپەرشتی نیکۆ کۆڤاچ، کە تێیدا توانیویەتی بە تۆمارکردنی گۆڵی چارەنووسساز لە بەرامبەر هۆفنهایم و پادێربۆرن ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە پێشەنگخستنی یانەکەی لە بۆندێسلیگا.
ئەم ئاستە بەرزەش دوای ئەوە دێت کە لە گواستنەوەی هاوینەی ڕابردوودا و سەرەڕای هەوڵی ریال بێتیس، دۆرتمۆند سووربوو لەسەر مانەوەی و نرخی کڕینی لە ولڤەرهامپتۆن لە هاوینی 2025 یەکلاییکردەوە، ئێستاش ئەم هێرشبەرە کە گرێبەستەکەی تا ساڵی 2030 درێژ دەبێتەوە، هەوڵە سەختەکانی بۆ جێگیرکردنی پێگەکەی لە هەردوو ئاستی یانە و هەڵبژاردەی نیشتمانیدا چڕکردووەتەوە.

