لۆکا مۆدریچی کاپتنی هەڵبژاردەی کرواتیا دوای شکستە مێژوویی و قورسەکەیان بە ئەنجامی سفر بە حەوت لە بەرامبەر ئینگلتەرا، لە لێدوانێکی توونددا رەخنەی توند لە ئاستی تیپەکەی گرت و رایگەیاند کە ئەوەی روویدا شایەنی ناوبانگی وڵاتەکەیان نییە و هەستی بە شەرمەزارییەکی قووڵ کردووە.
مۆدریچ کە بۆ ئەم یارییە گەڕایەوە پێکهاتەی سەرەکی، ئاماژەی بەوە کرد کە بیست ساڵە لەو هەڵبژاردەیەدایە، بەڵام بۆ یەکەمجارە دوای یارییەک هەست بە شۆک و شەرمەزاری دەکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای باشتربوونی ئینگلتەرا، بەڵام دۆڕان بەو شێوەیە و لەکەدارکردنی مێژوویان قبوڵکراو نین و هەستی کردووە چەند یاریزانێکیان لە یاریگادا کەم بووە.
کاپتنی کرواتیا داوای لە هاوڕێیەکانی کرد دوور لە لۆمەکردنی یەکدی یەکبگرن، چونکە یارییەکی سەخت لە پێشیانە بەرامبەر ئیسپانیا و دەبێت ڕەسەنایەتی، شانازی و ویستی ڕاستەقینەی خۆیان پیشان بدەنەوە، بە جۆرێک کە لە ئاستی مێژووی تیپەکەدا بێت.

