zagros news agency

نەریتە سەیرەکانی ئامادەکردنی قاوە لە وڵاتانی جیهان

 

خواردنی پارچەیەک خەڵووزی گەشاوە لەناو قاوە، چینێکی کرێمیی زەردێنەی هێلکە لەسەری، یان پارچە پەنیرێک لە بنی فنجانەکەدا، هەرچەندە لە خواردنەوەی باوی شەکر و شیر دوورە، بەڵام بەشێکی دانەبڕاوە لە نەریتە خۆجێییەکان کە تام و شێوازێکی جیاواز بە قاوە دەبەخشێت.

لە ڤێتنامەوە بۆ ئیندۆنیزیا و باکووری سوید، نەک هەر پێکهاتەکان، بەڵکو شێوازی پێشکەشکردن و خواردنەوەی قاوەش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، تاوەکو هەندێک جار تێکەڵەیەک لە خواردن و خواردنەوە پێکدەهێنن و پێش یەکەم قورت، دیمەنێکی تایبەت پێشکەش دەکەن.

ڤێتنام.. هێلکە دەبێتە چینێکی کرێمی
لە هانۆی، قاوەی هێلکە ئەزموونێکی جیاواز پێشکەش دەکات. بەپێی دەستەی گەشتوگوزاری ڤێتنام، ئەم رێچکەیە پشت بە شکاندنی تەواوی هێلکەیەک لەناو فنجانەکەدا نابەستێت، بەڵکو زەردێنەی هێلکەکە لەگەڵ شەکر و شیری چڕکراودا دەشێلرێت تاوەکو چینێکی نەرم و ئەستوور بەدەست دێت، پاشان دەخرێتە سەر قاوەیەکی بەهێز. تێکەڵەکە تامی تاڵی قاوە و شیرینیی کرێمەکە کۆدەکاتەوە، بەمەش هێلکە دەبێتە بەشێک لەو چینەی فنجانەکە دادەپۆشێت. لە هیوی ڤێتنامیش، ئەو شارە بە قاوەیەک بەناوبانگە کە تامی سوێر و شیرین لەگەڵ پێکهاتەی کرێمیدا تێکەڵ دەکات.

ئیندۆنیزیا.. خەڵووز دەچێتە ناو فنجانەکەوە
لە یۆگیاکارتا، جیاوازییەکە تەنیا لە تامی قاوەکەدا نییە، بەڵکو ساتەوەختی ئامادەکردنەکەشی لەبەردەم کڕیاردا دەگرێتەوە. پارچەیەک خەڵووزی گەشاوە راستەوخۆ دەخرێتە ناو قاوەکەوە لە خواردنەوەیەکدا کە بە کۆبی جوس ناسراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا روونیکردەوە، ناوی خواردنەوەکە پەیوەندی بەو دەنگەوە هەیە کە لە کاتی نوقمکردنی خەڵووزی گەرم لەناو شلەکەدا دروست دەبێت. ئەم دەنگە بەشێکە لە ئەزموونەکە و دیمەنی خەڵووزەکە لەناو فنجانەکەدا، رێچکەکە لە رێگاکانی ئامادەکردنی باو جیا دەکاتەوە.

باکووری سوید.. پەنیر قاوەکە هەڵدەمژێت
لە باکووری سوید، پەنیر لەناو فنجانەکەدا ئامادە دەکرێت. ئەم نەریتە بە کافیۆست ناسراوە و بریتییە لە دانانی پارچە پەنیرێکی تایبەت لەناو قاوەی گەرمدا. بەڵگەنامەیەکی ئەوروپی تایبەت بە بەرهەمەکە پەرەسەندنی ئەو نەریتە دەردەخات، کە تێیدا پارچە پەنیرەکان نەرم دەبن و شلەکە هەڵدەمژن، بەمەش ئەزموونەکە تێکەڵەیەک دەبێت لە خواردنەوەی قاوە و خواردنی پەنیر. هەروەها سوید نەریتێکی دیکەی هەیە بە ناوی فیکا، کە بریتییە لە کاتی پشووی قاوە و خواردنێک لەگەڵی، کە دەرفەتێکە بۆ گفتوگۆ و یەکتربینین.

ئیتاڵیا.. دەستلێدانێکی توێکڵە لیمۆ
لە کەناراوەکانی ئامالفی ئیتاڵیا، گۆڤاری لا کۆچینا ئیتالیانا بڵاویکردەوە، توێکڵە لیمۆ بۆ ئیسپرێسۆ زیاد دەکرێت بۆ بەخشینی تامێکی بۆنخۆش. ئەمە رێچکەیەکی خۆجێییە و رێگایەکی گشتی نییە بۆ خواردنەوەی قاوە لە ئیتاڵیا و بەو مانایە نییە کە ئاوی لیمۆ بکرێتە ناو فنجانەکەوە.

ئەم نەریتانە سەرەڕای جیاوازییان، خواردنەوەیەکی هاوبەش کۆدەکەنەوە، بەڵام تام و شێوەیەکی جیاوازیان پێدەبەخشن؛ لە شوێنێکدا چینێک هێلکە لەسەریەتی، لە شوێنێکی تردا پەنیر هەڵیدەمژێت، لە یۆگیاکارتەش دەنگی تەقەی خەڵووزی گەرم یاوەری پێشکەشکردنەکەیەتی.

هەواڵی پەیوەندیدار

باران بارینی تومارکراوی24 کاتژمێری رابردوو بە ملم

سەڵاح

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربارەی بارمتە ئیسرائیلییەکان کۆدەبێتەوە

سەڵاح

لە کارگەی شیشی لاجان تەقینەوەیەک روویدا

یاسین