zagros news agency

سێ خولەک وەرزشی چڕ جەستە چالاک دەکات

 

توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی رۆکفێلەر لە ئەمریکا دەریخستووە، تەنیا سێ خولەک وەرزشی چڕ و بەهێز گۆڕانکاریی خێرا و بەرچاو لە پرۆتینەکانی خوێندا دروست دەکات، ئەمەش بەراورد بەو کاریگەرییانەی دوای 90 خولەک وەرزشی مامناوەند لەسەر جەستە دەردەکەون. توێژەران روونیکردەوە، چڕیی وەرزش کاریگەریی زیاتری لەسەر خێرایی و قەبارەی ئەو ئاماژە گەردییانە هەیە کە جەستە دەریاندەبڕێت، نەک تەنیا ماوەی چالاکییەکە.

سەبارەت بە شێوازی توێژینەوەکە، وەرزشە چڕەکە بریتی بووە لە شەش خولی لێخوڕینی پاسکیلی جێگیر بە ئەوپەڕی توانا، کە هەر خولێکیان 30 چرکەی خایاندووە و لەنێوانیاندا پشووی کورت هەبووە. بەمەش تێکڕای کاتی وەرزشە چڕەکە سێ خولەک بووە، لەکاتێکدا وەرزشی بەراوردکار بریتی بووە لە لێخوڕینی بەردەوامی پاسکیل بە شێوازێکی مامناوەند بۆ ماوەی 90 خولەک. توێژەران جەختیان کردەوە، توێژینەوەکە بەراوردکردنی سێ خولەک نییە لەگەڵ کاتژمێرێک و نیو، بەڵکو بەراوردکردنی دوو شێوازی جیاوازی چالاکییە؛ یەکێکیان پچڕپچڕ و چڕ، ئەویتریان بەردەوام و مامناوەند.

لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا، ئاستی نزیکەی چارەکی ئەو پرۆتینانەی توێژەران پێوانەیان کردبوون، راستەوخۆ دوای وەرزشە چڕەکە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو رێژەیە لە دوای وەرزشی مامناوەنددا لە 0.25%ـی کەمتر بووە. وەڵامدانەوەی جەستە بریتی بووە لەو پرۆتینانەی پەیوەندییان بە گەشەی بۆرییەکانی خوێن، رێکخستنەوەی شانەکان و ئاماژە هۆرمۆنییەکانەوە هەیە، هاوکات گۆڕانکاری لە زیاتر لە 200 بەرهەمی ئاڵوگۆڕی ماددەکان لە جەستەدا روویداوە. هەرچەندە وەرزشی مامناوەندیش بێکاریگەری نەبووە، چونکە دوای سێ کاتژمێر وەڵامدانەوەیەک لە جەستەدا دەرکەوتووە کە ترشە چەورییەکان و پرۆتینەکانی سەرچاوەی جگەری لەخۆگرتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ جیاوازیی کات و سروشتی وەڵامدانەوەکە لەنێوان هەردوو جۆرەکەدا.

پۆل کۆهێن، سەرۆکی تاقیگەی ئاڵوگۆڕی ماددە گەردییەکان لەو زانکۆیە گوتی: “ئەوەی گرنگە، توانای چەند خولەکێکی کەم لە وەرزشی چڕە بۆ ورووژاندنی وەڵامێکی بەرچاو لە جەستەدا”.

هەواڵی پەیوەندیدار

وه‌زاره‌تی دارایی: سەرجەم ڕێکكارە ئیداری و ژمێریارییەکان بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌ تەواو کراون

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزینێکی کەمی تۆمارکرد

سەڵاح

بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٩ پلە باکووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆنی هەژاند

سەڵاح