zagros news agency

به هۆی شەپۆلی گەرماوە لە ئەڵمانیا هەزاران کەس گیانیان لە دەست دا

گەرما لە ئەڵمانیا بووەتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی و بەپێی ئامارە نوێیەکانی پەیمانگەی ڕۆبێرت کۆخ، ئەمساڵ ١١٩٠٠ کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەست داوە. ئەم ژمارەیە ڕیکۆردی ساڵی ٢٠١٨ی شکاندووە و نیشانی دەدات دۆخی کەشوهەوا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.
زۆربەی ئەم مردنانە لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا تۆمار کراون، کاتێک پلەکانی گەرما لە زۆر ناوچەی ئەڵمانیا گەیشتنە نزیکەی ٤٠ پلەی سەدی.
پەیمانگەی ڕۆبێرت کۆخ ئاماژەی بەوە داوە تەنها لە یەک هەفتەی مانگی حوزەیراندا ٩٦٠٠ حاڵەتی مردن تۆمار کراوە. ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن کاریگەرییەکانی گەرما زۆر زیاتر بووە لەوەی پێشتر پێشبینی دەکرا. هۆی درەنگ بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە فەرمانگەی ئاماری فیدراڵی بە پێنج هەفتە دواکەوتن ئامارەکان بڵاو دەکاتەوە. گەرما بەتایبەت بۆ کەسانی بەساڵاچوو مەترسیدار بووە؛ زیاتر لە ٦٠٠٠ کەس لەوانەی گیانیان لەدەست داوە تەمەنیان لە سەرووی ٨٥ ساڵ بووە.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خەڵکێکی زۆری ناچار کردووە ڕوو لە مەلەوانگە و ڕووباران بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی خنکانی ٢٦ کەس کە شارەزایی مەلەکردنیان نەبووە. ئیدارەی کەشناسیی ئەلمانیا ڕایگەیاند حوزەیرانی ٢٠٢٦ دووەم گەرمترین مانگی حوزەیران بووە لە مێژووی تۆمارکراوی ئەم وڵاتەدا. شەوی ٢٧ لەسەر ٢٨ی حوزەیران وەک گەرمترین شەو لە مێژووی ئەڵمانیا تۆمار کرا. کارشناسان دەڵێن ئەم دۆخە بەشێکە لە گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەریاکان.
لە بەرانبەر ئەم قەیرانەدا، سیستەمی پزیشکیی ئەڵمانیا و ٨٠ ڕێکخراوی تەندروستیی ئەورووپایی داوای “پلانی پاراستنی ئەورووپا لە گەرما” دەکەن. ئەوان داوا دەکەن نێوەندەکانی چاودێری و قوتابخانەکان لە بەرانبەر گۆڕانی کەشوهەوا بەهێز بکرێن. بڕیارە چەندین ڕێکخراوی مەدەنی لەبەردەم نووسینگەی فریدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، خۆپێشان بدەن و داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بکەن. حکوومەتی فیدراڵی و ویلایەتەکان دەبێت چالاکییەکانیان هەماهەنگ بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە کە بەهۆی زیادبوونی گازە گوڵخانەییەکان و تێکچوونی هاوسەنگیی سروشت دروست بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کونسوڵی پێشووی ئەمریکا له هەولێر کرایه سەرۆکی مەدەنیی ناوەندی هەماهەنگیی ئاگربەستی غەززه

سەڵاح

زیندانەکانی ئیسرائیل پڕ بووە لە دەستگیرکراوانی فەڵەستینی

سەڵاح

گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ڕوونکردنەوە لەبارەی سواڵکردن دەدات

سەڵاح