چارەنووسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی بەڕازیل لە خولی دووەمدا یەکلا دەبێتەوە. بە ژماردنی نزیکەی سەرجەم دەنگەکان، فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆی بەربژێری ڕکابەر کەمێک لە لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤای سەرۆککۆماری ئێستا پێش کەوتووە؛ بەڵام هیچیان نەیانتوانی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بەدەست بهێنن.
کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی بەڕازیل لە نێوان لولای سەرۆککۆماری چەپڕەوی ئێستا و بۆلسۆنارۆی ڕکابەرە ڕاستڕەوەکەی، بۆ خولی دووەم کێشرا.
بە گوێرەی ئامارە سەرەتایییەکانی دەزگای هەڵبژاردنی بەڕازیل، پاش ژماردنی لەسەدا ٩٧ی دەنگەکان، لولا نزیکەی لەسەدا ٤٤.٦ و ڕکابەرە ڕاستڕەوەکەی لەسەدا ٤٧.٤ی دەنگەکانیان بەدەست هێنا؛ بەم جۆرە هیچ کامیان نەگەیشتنە زۆرینەی ڕەهای پێویست بۆ سەرکەوتن لە خولی یەکەمدا.
لەبەر ئەوەی هیچ کام لە بەربژێرەکان زیاتر لە لەسەدا ٥٠ی دەنگە دروستەکانیان بەدەست نەهێنا، ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەر هەردوو بەربژێرە پێشەنگەکە لە خولی دووەمدا لە بەرانبەر یەکتردا کێبڕکێ دەکەن.
لە قۆناغە سەرەتایییەکانی ژماردنی دەنگەکاندا بۆلسۆنارۆ زیاتر لە لەسەدا ٥٠ی دەنگەکانی پێشەنگ بوو. ویلایەتەکانی باشوور، مەیلی زیاتریان بۆ ناوبراو هەیە، ئەنجامەکانی خۆیان خێراتر ڕاگەیاند؛ لە بەرانبەردا ژماردنی دەنگەکان لە باکووری ڕۆژهەڵات، بنکەی سەرەکیی لولا، بە هێواشی بەڕێوە چوو.
لولای سیاسەتمەداری چەپڕەوی تەمەن ٨٠ ساڵ لە هەوڵی بەدەستهێنانی چوارەم خولی سەرۆککۆماریی خۆیدایە. فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆی تەمەن ٤٥ ساڵیش دەیەوێت میراتی ژائیر بۆلسۆنارۆی باوکی، سەرۆککۆماری پێشوو، درێژە پێ بدات.
ژائیر بۆلسۆنارۆ لە ژێر دەستبەسەریی ماڵەوەدایە و بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا سزای ٢٧ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. بنەماڵەی بۆلسۆنارۆ و لایەنگرانی، ناوبراو بە زیندانییەکی سیاسی دادەنێن. ژائیر بۆلسۆنارۆ یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆککۆماری ئەمریکا بوو.
ئەنجامە بەرچاوەکەی بۆلسۆنارۆ چاوەڕواننەکراو بوو، چونکە ڕاپرسییەکانی پێش هەڵبژاردن لولایان بە نزیکەی لەسەدا سێ لە پێش ڕکابەرەکەی پێشان دەدا. لولا دانی بەوەدا نا ئەنجامەکە بۆ ئەو چاوەڕواننەکراو بووە.
سەرۆککۆماری ئێستای بەڕازیل پێشوەختە دڵنیاییی خۆی لە سەرکەوتن لە خولی یەکەمدا پێشان دابوو. ناوبراو ڕایگەیاند لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئۆکتۆبەرەوە هەڵمەتێکی نوێی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات و ڕکابەرەکەی بە هێمای نادیاری بۆ داهاتووی وڵات لە قەڵەم دا. لە بەرانبەردا، بۆلسۆنارۆ ڕەزامەندیی زۆری خۆی لەسەر ئەنجامەکە دەربڕی و بەڕازیلی بە خوازیاری گۆڕانکاری وەسف کرد.
لولا لە پارتی کرێکاران دەیەوێت لە ڕێگەی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان و وەبەرهێنانی دەوڵەتییەوە درێژە بە سیاسەتەکەی بدات. فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆ لە پارتی لیبراڵ بەڵێنی داوە قەبارەی حکوومەت بچووکتر بکاتەوە و ڕێوشوێنی توندتر لە بەرانبەر تاوانەکاندا بگرێتە بەر.
هەڵبژاردنی بەڕازیل بە بڕیارێکی چارەنووسساز بۆ ئاراستەی سیاسیی ئەو وڵاتە دادەنرێت. سەرکەوتنی بۆلسۆنارۆ وەرچەرخان بەرەو ڕاستڕەوی لە ئەمریکای لاتیندا زیاتر بەهێز دەکات.
لە ساڵانی دواییدا چەندین وڵات پاش هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو ڕاستڕەوی لایان داوە. لە بەرانبەردا، سەرکەوتنی لولا وا دەکات بەڕازیل لە تەنیشت مەکسیک وەک یەکێک لە بنکە گەورەکانی چەپ لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە.
نزیکەی ١٥٩ ملیۆن هاووڵاتیی بەڕازیلی لە گەورەترین وڵاتی ئەمریکای لاتیندا مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا هەبوو. بێجگە لە سەرۆککۆمار و جێگرەکەی، نوێنەرانی پەرلەمان، سیناتۆرەکان و پارێزگارەکانیش هەڵبژێردران. نیگەرانییەکان سەبارەت بە ڕەوشی نالەباری ئابووری، دۆسیەکانی گەندەڵی و تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە دەستێوەردانی ئەمریکا لە سەر هەڵمەتی هەڵبژاردن زاڵ بوون. قەرزی گشتیی ئەو وڵاتە زیاتر لە لەسەدا ٨٢ی بەرهەمی ناوخۆییی گشتی پێک دەهێنێت.
فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆ دەبێت لە خولی دووەمدا کێبڕکێ لەگەڵ لولا بکات، بەڵام ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی بۆلسۆنارۆ پێشوەختە سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە؛ میشێل بۆلسۆنارۆی خانمی یەکەمی پێشوو لە ناوچەی فیدراڵیی برازیلیا بە ئەندامی سێنا هەڵبژێردرا. کارلۆس بۆلسۆنارۆ، یەکێکی دیکە لە کوڕەکانی سەرۆککۆماری پێشوو، لە ویلایەتی سانتا کاتارینای باشوور کورسییەکی سێنای بەدەست هێنا.
نۆنێس مارکێز، سەرۆکی دادگای باڵای هەڵبژاردنی بەڕازیل (TSE)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەستێوەردانی دەرەکی، ڕایگەیاند ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی ڕوونی دەستێوەردانی لەو شێوەیەیان پێشان نەداوە. ئەم پرسیارە پاش ئەوە هاتە ئاراوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینیی ڕابردوو بە هۆکاری ئەمنی، خزمەتگوزارییە کۆنسوڵگەرییەکانی لەو وڵاتەی ئەمریکای باشووردا ڕاگرت.
هەواڵی پێشوو

