zagros news agency

شێروانی دووبەردانی بۆ زاگرۆس: فراکسیۆنی پارتی هۆشداری دەدات بەبێ ڕێککەوتن ناچینە کۆبونەوەی پەرلەمان

 

شیروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ زاگرۆس ڕایگەیاند کە رێباز حەملان بەربژێری فەرمیی پارتەکەیانە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی بەربژێر بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران لەلایەن سەرکردایەتییەوە یەکلایی نەکراوەتەوە و هێشتا نەگەیشتووەتە دەستیان، لە کاتێکدا لایەنە شیعە و سوننەکان کاندیدەکانیان بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە.
لەبارەی کاتی بەستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە لەم هەفتەیەدا، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی گفتوگۆکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، ئەگەری زۆرە دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێت.
دووبەردانی سەرنجی خستە سەر پرسی پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان و ڕوونیکردەوە کە هێشتا ناوی بەربژێری سێ وەزارەت یەکلایی نەکراونەتەوە، ئەوانیش بریتیین لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، و وەزارەتی پلاندانان. هەروەها جەختیکردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ بەشدارییەک لە دانیشتنی پەرلەماندا ناکات، مەگەر ئەوەی پێشوەختە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر تەواوی ناوی وەزیرەکان و پۆستەکان کرابێت.

شایەنی باسە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و پرسی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی عەلی زەیدی بکاتە تەوەرەی سەرەکی، هاوکات سبەیش هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەمان پرس و دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

زه‌یدۆ باعه‌دری بۆ زاگرۆس: پیلانگێڕیه‌ك له‌دژی پارتی هه‌یه‌

یاسین

لە عێراق رێگە بە لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران نادرێت

سەڵاح

لە کەرکووک دادگاییکردنی جووتیارێکی کورد بەڕێوەدەچێت

سەڵاح