کۆمەڵەی نیشتمانی فەرەنسا دەستی کرد بە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسایەک، رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارچە هونەرییانەی لە سەردەمی داگیرکارییدا لە ئەفریقا تاڵان کراون.
ئەم یاسایە ئەو شوێنەوارانە دەگرێتەوە، لە نێوان ساڵانی 1815 بۆ 1972 بردراونەتە فەرەنسا.
وەزیری ڕۆشنبیری فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم یاسا نوێیە دەبێتە هۆی خێراکردنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی کەلوپەلەکان بەبێ پێویستبوون بە رێوشوێنی یاسایی ئاڵۆز.
پێشتر ئیمانوێل ماکرۆن لە ساڵی 2017 بەڵێنی دابوو، کار بۆ گەڕاندنەوەی ناسنامەی کولتووری وڵاتانی ئەفریقا دەکات.
وڵاتانی ئەفریقا بەردەوام داوای گەڕاندنەوەی سەروەتە هونەرییەکانیان دەکەن، کە لە مۆزەخانەکانی فەرەنسا پارێزراون.
یاساکە تەنیا ئەو پارچە هونەرییانە دەگرێتەوە، بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە پەیوەندییەکانی فەرەنسا و وڵاتانی ئەفریقا بچێنێتە قۆناغێکی نوێی متمانەپێکردن و هاوکاریی کولتووری.

