zagros news agency

ئاڵا قەدەغە دەکرێت، بەڵام ناسنامە نا کێشەکە ئاڵا نییە، کێشەکە بیرکردنەوەیە

شێرکۆ حەبیب
سەیرە ئەمڕۆ کە هەواڵەکانم لە کەناڵی کورد ٢٤ بینی، یەکێک لەو هەواڵانەی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو کە لە شاری کەرکوک لە کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، ڕێگە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان نەدرا بەڵکو بە شێوەیەکی ڕوون قەدەغە کرا.
راستییەکەی بۆ من ئەمە جێگای سەرسوڕمان نەبوو، ئەوە بابەتێکە کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە زۆر کەس چاوەڕێی کردووە، بەڵام ئەوەی لام سەیر و جێگای پرسیار بوو، وتەکانی ئەو کەسە بوو کە لە ڕاپۆرتەکەدا قسەی دەکرد؛ نازانم بەڕێوەبەری پەروەردە بوو، بەڕێوەبەری قوتابخانە بوو یان مامۆستا، بەڵام قسەکەی بۆ من گرنگتر بوو لە خودی قەدەغەکردنی ئاڵاکە.
ئەو بە ڕاشکاوی دەیگوت لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرەکە: “نابێ ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت، ئێمە عێراقین و تەنها یەک ئاڵامان هەیە ئەویش ئاڵای عێراقە”.
هیچ کەسێک نکۆڵی لەوە ناکات و یا دژی ئاڵای عێراق بێت، ئاڵای عێراق ئاڵای دەوڵەتە و بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراقە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەڵکردنی ئاڵای عێراق دەبێت بە مانای قەدەغەکردنی هەموو نیشانە و ناسنامەکانی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق بێت؟ عێراق تەنها لەو ئاڵایەی عێراق پێک نەهاتووە، عێراق کۆمەڵێک ناسنامە، نەتەوە، کۆمەڵگا و ناوچەی جیاوازە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵدا پێکەوە دەژین.
کوردبوون و عێراقیبوون دژ بە یەکتر نین
کەسێک دەتوانێت بە هەمان کات کورد بێت و عێراقی بێت، دەتوانێت ئاڵای عێراق بەرز بکاتەوە و لە هەمان کاتدا ڕێز لە ئاڵای کوردستان بگریت، ئەمە نە دژایەتییە، نە دابڕانە، نە دژ بە یەکپارچەیی عێراقە، بەڵکو ئەمە واقیعی کۆمەڵگای عێراقە.
کێشەکە لەوێدا دەست پێدەکات کە کەسێک لە پۆستی پەروەردەیی یان لە ناو قوتابخانەدا بڵێت: “نازانم ئاڵای کوردستان یان هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا هەیە یان نا!!” ئەمە تەنها نەزانینێکی سیاسی نییە، بەڵکو دژایەتی نەتەوەیە لە هەستێکی شۆڤینییەوە. ئەگەر ئەو کەسە بەرپرسێکی پەروەردەیی بێت، پرسیارێکی گەورەتر دێتە پێش: ئەو قوتابخانەیە نەوەی نوێ فێری چی دەکات؟
دەستووری عێراق بە ڕوونی عێراقی وەک دەوڵەتێکی فیدراڵ ناساندووە و هەرێمی کوردستانیش وەک هەرێمێکی فیدراڵی دانپێدانراوە، کاتێک بنەماکانی دەستوور بەشێک لە پەروەردەی هاووڵاتیبوونن، چۆن دەکرێت بەرپرسێکی پەروەردەیی نەزانێت ناسنامە و پێگەی یاسایی هەرێمی کوردستان چییە؟ من پێم وایە ئەمە لە قەدەغەکردنی ئاڵا زیاترە.
ئەگەر منداڵێکی کورد لە قوتابخانەدا فێر بکرێت کە ئاڵای کوردستان نابێت هەڵبکرێتەوە چونکە ئێمە تەنها عێراقین، ئەوا من حاشا لەوە ناکەم کە عێراقی نیم، بەڵکو لە ڕاستیدا ئەو منداڵە فێری عێراقیبوون ناکرێت، ئەگەر دژایەتی نەتەوەی بکرێت ئەمەش دووبەرەکی دروست دەکات.
پەروەردە دەبێت شوێنی نزیککردنەوەی نەوەکان بێت، نەک شوێنی دروستکردنی هەستی دژایەتی. مامۆستا دەبێت بە قوتابی بڵێت: تۆ دەتوانیت کورد بیت و عێراقی بیت، دەتوانیت بە ناسنامەی خۆت شانازی بکەیت و لە هەمان کاتدا هاووڵاتییەکی پابەند بە دەستوور و دەوڵەتی عێراق بیت، ئەمەیە واتای هاوبەشبوون.
کەرکوک لەو بارەیەوە زیاتر لە شارێکی ئاساییە، کەرکوک شارێکی هەستیارە، شارێکە کە مێژوو و ناسنامە و سیاسەت و دەستوور لە یەک خاڵدا کۆدەبنەوە، بۆیە هەر هەنگاوێک لەوێ دەبێت بە وردی و بەرپرسیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
ئەگەر مەبەست لە بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق پاراستنی یەکپارچەیی و دەسەڵاتی دەوڵەتە، هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام ئەگەر ئەمە ببێتە بەهانە بۆ سڕینەوەی نیشانەی ناسنامەی کوردی لە ناوچەیەک کە بە دەستوور و مێژوو و دانیشتووانییەوە پەیوەندییەکی تایبەتی بە کوردەوە هەیە و بەڵکو شارێکی کوردستانییە، ئەوا کێشەکە تەنها ئاڵا نییە، کێشەکە شێوازی بیرکردنەوەی.
من دژی ئاڵای عێراق نیم، بەپێچەوانەوە ئاڵای عێراق ئاڵای دەوڵەتە و دەبێت لە هەموو شوێنێک ڕێزی لێ بگیریت، بەڵام نابێت بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق ببێتە هۆی قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستان، بەتایبەتی کاتێک گفتوگۆ لەسەر ماف و پێگەی یاسایی هەرێمی کوردستانە. ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی هاوسەنگ هەیە، نە بەسەربازیکردنی بابەتەکە.
ئەگەر دەمانەوێت نەوەی داهاتوو عێراقییەکی هاووڵاتی یەکگرتوو و پێوەست بە دەستوور بێت، دەبێت فێری ڕێزگرتن لە هەموو ناسنامەکانی پێکهێنەری ئەم وڵاتە بکرێت، چونکە منداڵێک کە لە قوتابخانە فێری ڕێزگرتن لە ناسنامەی خۆی و ناسنامەی ئەوانی تر دەبێت، داهاتوویەکی جیاواز دروست دەکات. بەڵام ئەگەر منداڵێک فێر بکرێت کە یەک ناسنامە دەبێت لەسەر ناسنامەکانی تر زاڵ بێت، ئەوا ئەوە تەنها وانەی قوتابخانە نییە، ئەوە وانەیەکی سیاسییە کە کاریگەرییەکەی لە دەرەوەی قوتابخانە دەردەکەوێت.
له کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئاڵای عێراق هەڵبکرێت یان ئاڵای کوردستان، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتوانین عێراقێک دروست بکەین کە تێیدا هەموو هاووڵاتییەکان بتوانن بە ناسنامەی خۆیانەوە بژین و ناسنامەی یەکتری قبوڵ بکەن؟ چونکە کێشەی نێوان عێراق و کوردستان، کێشەی ئاڵا نییە، بەڵکو کێشەی شێوازی بیرکردنەوەیە. ئەگەر بیرکردنەوەکان بگۆڕدرێن و ڕێز لە فرەیی و دەستوور بگیرێت، ئەوا ئاڵاکان نابنە هۆی دووبەرەکی، بەڵکو دەبنە هێمای پێکەوەژیان و تەواوکاری یەکتر.

هەواڵی پەیوەندیدار

ترەمپ بە هەموو شێوەێک رەتی دەکەینەوە ناتانیاهو دەستگیر بکرێت

گوران

نوێنەری سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی و ئەنەكەسە كۆ دەبێتەوە

یاسین

گەرمیان یادی 55 هەزار قوربانیی ئەنفال دەکاتەوە

سەڵاح