هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان بە ناوی «فەجری یەمەن» ڕاگەیاند و توانییان بە پشتیوانییەکی چڕی ئاسمانیی سعوودیە، شاری ستراتیژیی «مەخا»، گەرووی بابولمەندەب و فڕۆکەخانەی سەربازیی «زوباب» لە ڕۆژئاوای پارێزگای تەعیز کۆنترۆڵ بکەنەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی یەمەن (سەبا)، هێزە حکومییەکان دوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ چەکدارانی حووسی، توانیویانە شاری کەناراوی مەخا لەسەر دەریای سوور کۆنترۆڵ بکەنەوە، کە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە لەژێر دەستی حووسییەکاندا بوو. لە شەڕەکاندا چەندین چەکداری حووسی کوژراون و بریندار بوون، ژمارەیەکی دیکەشیان بەدیل گیراون، لە ئێستاشدا هێزەکان سەرقاڵی کێوماڵکردنی گەڕەک و دامەزراوەکانی شارەکەن بۆ پاککردنەوەی لە چەکدارانی ماوە.
هاوکات، ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی «فەجری یەمەن»ی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بریتییە لە «گێڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، کۆتاییهێنان بە کودەتای میلیشیا تیرۆریستییەکانی حووسی و ڕزگارکردنی سەنعای پایتەخت». لەو چوارچێوەیەشدا وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، ماجید عبدوڵڵا ئەلنەزیلی، ڕایگەیاند کە قۆناغی هێرشی ستراتیژی بۆ سەر سەنعا دەستی پێکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی سعوودیە بەشداریکردنی بەرفراوانی خۆی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا پشتڕاست کردەوە. لیوا روکن تورکی مالیکی، وتەبێژی وەزارەتەکە ئاشکرای کرد کە 100 فڕۆکەی جەنگی بەشێوەی شەو و ڕۆژ پشتیوانی لە هێزەکانی سوپای یەمەن دەکەن لەسەر زەوی.
مالیکی باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا لە بۆردومانەکاندا 324 ئامانجی هەستیار و ستراتیژیی میلیشیاکانی حووسی لە ناوچە جیاوازەکان تێکشکێنراون. جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی پاراستنی تەواوی ئاسمانی گەرووی «بابولمەندەب»یان گرتووەتە ئەستۆ، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەلامەتیی هاتوچۆی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک.

