zagros news agency

لە هەڵمەتێکی بێوێنەدا؛ ئەمریکا ڕەگەزنامە لە دەیان هاووڵاتی دەسەنێتەوە

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە تۆمەتی کارکردن وەک سیخوڕی بۆ حکومەتی بیانی، کوشتنی بێمەبەست، و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، لە چەند دادگایەکی فیدراڵیدا زنجیرەیەک سکاڵای بە مەبەستی سەندنەوەی ڕەگەزنامە لە 40 کەس تۆمار کردووە. ئەمەش وەک گەورەترین هەڵمەتی لەو جۆرە لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا لەقەڵەم دەدرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەم سکاڵایانە لە ماوەی نێوان 21ی ئاب تاوەکو 2ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تۆمار کراون و لە قۆناغی ئێستادا 40 کەس دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی پرۆسەی بەهاووڵاتیبوونەوە (تجنس) ڕەگەزنامەی ئەمریکییان بەدەستهێنابوو.

تۆد بلانچ، وەزیری دادی ئەمریکا، رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی “گەورەترین هەوڵ دەکات بۆ سەندنەوەی ڕەگەزنامە لە مێژووی هاوچەرخدا.” ئاماژەی بەوەش کرد، لە نێو تۆمەتباراندا کەسێک هەیە کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سزادراوە، لەگەڵ چەندین کەسی دیکە کە بە تاوانی سێکسی دژ بە منداڵان تاوانبار کراون و لە کاتی وەرگرتنی ڕەگەزنامەدا زانیاریی گرنگ و هەستیاریان لە حکومەت شاردووەتەوە. بلانچ جەختی کردەوە کە لە ژێر سەرکردایەتی ترەمپدا بەردەوام دەبن لەم ڕێکارانە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی.

لای خۆیەوە، بریت شۆمیت، یاریدەدەری وەزیری دادی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە تەواوی ئەم تۆمەتبارانە “لە ڕێگەی درۆکردنەوە ڕەگەزنامەی ئەمریکییان بەدەستهێناوە.” وتیشی: “پەیاممان ڕوونە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە فێڵ و ساختەکاری ناکات لە پرۆسەی پێدانی ڕەگەزنامەدا.”

یاسای ئەمریکا لەم بارەیەوە چی دەڵێت؟

بەپێی یاسای کۆچ و ڕەگەزنامەی ئەمریکا، حکومەت دەتوانێت ڕەگەزنامە لەو کەسانە بسەنێتەوە کە لە ڕێگەی بەهاووڵاتیبوونەوە بەدەستیانهێناوە، ئەگەر سەلمێنرا کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەنجام دراوە یان لە ڕێگەی شاردنەوەی بە ئەنقەستی زانیارییەکان بووە.

سەندنەوەی ڕەگەزنامە لە ئەمریکا بابەتێکی نوێ نییە و لە دەیەکانی ڕابردوودا پەنای بۆ براوە، بەڵام دادگاکانی ئەمریکا مەرجی زۆر توندیان بۆ داناوە و داوای بەڵگەی حاشاهەڵنەگر دەکەن. هاوکات دادگای باڵای ئەمریکا پێشتر جەختی کردووەتەوە کە تەنیا درۆکردن یان پێدانی زانیاریی هەڵە بەس نییە بۆ لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە، بەڵکو دەبێت ئەو زانیارییە ناڕاستانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بڕیاری پێدانی ڕەگەزنامەکە هەبووبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

تابلۆ نەبینراوەکانی قەرەنی جەمیل لە هەولێر نمایش دەکرێن

ART

قەرزێکی 100 ملیۆن دیناری بە مووچەخۆران دەدرێت

یاسین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆ بووەوە

سەڵاح