ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان (یونیسێف) هۆشداری دەدات لەوەی کە بەهۆی دیاردەی سروشتیی “ئێل نینۆ”وە، زیاتر لە 347 ملیۆن منداڵ لە سەرتاسەری جیهاندا رووبەرووی کەشوهەوایەکی توند و نالەبار دەبنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ڕێکخراوەکە، پێشبینی دەکرێت لە نزیکەی 100 وڵات و هەرێمی جیهاندا، منداڵان لە نێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم تا کانوونی یەکەمی 2026دا تووشی وشکەساڵی یان باراناویبوونێکی نائاسایی ببن. ئامارەکان دەریدەخەن کە زۆرترین زیان بەر ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن دەکەوێت کە تێیدا 190 ملیۆن منداڵ دەگرێتەوە، هەروەها لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقاش 41 ملیۆن منداڵ و لە ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاست نزیکەی 22 ملیۆن منداڵ کاریگەر دەبن.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشتریش نزیکەی 101 ملیار منداڵ لە جیهاندا ڕووبەڕووی شەپۆلەکانی گەرما، وشکەساڵی یان لافاو بوونەتەوە. هاوکات ڕۆژنامەی “لۆس ئەنجلۆس تایمز” بڵاوی کردەوە کە ئەگەری هەیە ئەم شەپۆلەی ئێل نینۆ بەهێزترین بێت لە دوای ساڵی 1950ەوە تۆمار کرابێت.
دیاردەی “ئێل نینۆ” بە بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرمیی ئاوەکانی زەریای هێمنی کەمەرەیی پێناسە دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانی بەرچاو لە پلەکانی گەرما و بارانبارین. بەرازیل بە یەکێک لە زیانلێکەوتووترین وڵاتان دادەنرێت؛ بەجۆرێک ناوچەکانی باکوور و دارستانەکانی ئەمازۆن ڕووبەڕووی وشکەساڵیی توند و شەپۆلی گەرما دەبنەوە، لە کاتێکدا باشووری ئەو وڵاتە بارانی بەخوڕ و لافاوی لێ دەکەوێتەوە.

