لێژنەی دارایی لە ئهنجومهنی نوێنهران، جەختی کردەوە لەسەر دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و بوونی یەدەگی دارایی بەهێز لە بانکی ناوەندیدا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان؛ ڕوونیشی کردەوە کە دۆخی ئابووری لە باشبووندایە و ڕێژەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوت لە ئاستێکی باشدایە.
ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لێژنەی دارایی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕایگەیاند کە مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی دەستەبەرە و لە کاتی سەرهەڵدانی هەر کورتهێنانێکدا بەکارهێنانی یەدەگی بانکی ناوەندی بۆ دابینکردنی دارایی دەبێتە پاڵپشت.
دلێمی ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی ئابووریی وڵات لە سایەی فرۆشتنی نەوتدا دەستی بە باشبوون کردووە و ڕێژەکانی هەناردەکردن باشبوون؛ هەرچەندە کۆمپانیاکان نەوتەکە لە حکومەت وەردەگرن و لەسەر مەترسیی خۆیان هەناردەی دەکەن و لەبەرامبەر ئهگەری ڕووداوەکاندا بۆ هەر بەرمیلێک ۱٥ تا ۳۰ دۆلار داشکاندن دەکەن.
ئەندامەکەی لێژنەی دارایی ڕوونی کردەوە کە کۆبوونەوە چڕەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی زەیدی لە نیویۆرک دەکرێت ببنە زەمینەساز بۆ بەدەستهێنانی دەرچەی دارایی لە هەندێک دۆسیەدا.
ئاشکراشی کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێگەی بە تێپەڕبوونی نەوت لە تەنگەی هورمزدا داوە، بەڵام ئێران تا ئێستا ڕێگەی پێنەداوە.

