ڕۆژی سێشەممە، ٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە هونەرمەند کەمال محەممەد و چەند میوزیکژەنێکی هاوەڵی کرد.
لە دیدارێکدا، د. سالار عوسمان دەستخۆشی لە هونەرمەند کەمال محەممەد و تیمی میوزیکژەنانی هاوەڵی کرد بەبۆنەی سازدانی کۆنسێرتە خێرخوازییەکەیان و هەوڵ و کارە هونەری و مرۆییەکانی ناوبراوی بەرز نرخاند.
هەروەها تیشکی خستە سەر پێگە و ڕۆڵی بەرزی هونەرمەندان لە گەیاندنی پەیامی مرۆڤدۆستانە و بەدەنگەوەهاتنی پێویستییەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی هونەرەوە.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن جەختی لەوە کردەوە کە ڕێزگرتن و پاڵپشتیکردنی هونەرمەندانی خەمخۆر و داھێنەر، لە پێشینەی ئەرکە بەردەوامەکانی بەشەکەیاندایە بەرامبەر بە کایەی هونەری و کولتووری لە کوردستاندا.
لە بەرامبەردا، هونەرمەند کەمال محەممەد سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن کرد بۆ پێشوازیی گەرم و پاڵپشتیی بەردەوامیان لە هونەرمەندان و ناوەندە هونەرییەکان.

