مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکیدا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سێ پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە کەرتی پیشەسازی و بەتایبەت بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا کردەوە. لەم سەردانەدا جەختی لە بەرنامەی حکومەت بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار کردەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بە ئامادەبوونی کونسوڵی ژاپۆن، بەڕێوەبەری کونسوڵگەریی چین و نوێنەری کۆمپانیای جێتۆر و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران بەڕێوەچوو، سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە “گرووپی موهەننەد” کرد بۆ هێنانی ئەم پڕۆژانە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی چین و ژاپۆن، کە دەبنە هۆی پێشخستنی کەرتی پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
کوردستان دەبێتە سەنتەری بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ئۆتۆمبێل
لە بارەی پڕۆژەکانەوە، مەسرور بارزانی وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای (نیسان) لەمەودوا لە هەرێمی کوردستانەوە دەبێتە دابەشکەری سەرەکیی بۆ هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەی عێراق دەکرێن، و کاری بەستن و تێکەڵکردنیان (تەجمیع) لێرە بۆ دەکرێت و ڕەوانەی پارێزگاکانی تری عێراق دەکرێن.
هەروەها ڕایگەیاند کە کۆمپانیای (جێتۆر)ی چینی بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان دەست بە پشکنین و دروستکردنی ئۆتۆمبێل دەکات. لە تەنیشت ئەمانەشەوە، پڕۆژەی (مۆتۆر پلێکس) دەبێتە کۆمەڵگەیەک بۆ ڕاهێنان و پێگەیاندنی گەنجانی کوردستان لە بواری میکانیک و تەکنەلۆجیای ئۆتۆمبێلدا.
سەرۆکی حکومەت ئاشکراشی کرد کە پێشتر پڕۆژەیەکی هاوشێوە لە دهۆک کراوەتەوە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا پڕۆژەیەکی تری لەم شێوەیە لە هەولێر دەکرێتەوە.
لە ناحیەی باتێلێ ڕێژەی بێکاری گەیشتووەتە سفر
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، مەسرور بارزانی مژدەیەکی ئابووریی گرنگی ڕاگەیاند و وتی: “بە خۆشحاڵییەوە بیستم کە ناحیەی باتێڵی تاکە ناحیەیە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و کوردستان کە ڕێژەی بێکاری تێیدا بووەتە سفر. ئەمە جێگەی دەستخۆشییە بۆ ئیدارەی زاخۆ، تەنانەت هەلی کار هێندە زۆرە خەڵک لە ناوچەکانی ترەوە بۆ کارکردن ڕوو لەم دەڤەرە دەکەن.”
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بە هەزاران هەلی کار بۆ هاووڵاتیان ڕەخساوە، کە ئەمەش بەرهەمی بەرنامەی حکومەتە بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار لە پێناو هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.
داواکاری لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە هەڵکەوتەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان کرد کە چەندین بازاڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە. داواشی لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی کرد کە هەوڵ بدەن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان کاری هاوبەش (Joint Venture) بکەن، بۆ ئەوەی زانست و تەکنەلۆجیای سەردەم بێتە کوردستان و ئاستی پیشەسازیی هەرێمەکە بەرزتر ببێتەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە حکومەت هەموو توانایەکی دەخاتە گەڕ بۆ پشتیوانیکردن و ئاسانکاریکردن بۆ کەرتی تایبەت، بە ئامانجی بووژانەوەی زیاتری ئابووریی کوردستان و دابینکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان.

