روانگەی بۆشاییگەریی سویفت، کە سەر بە ئاژانسی بۆشاییگەریی ئەمریکا ناسایە، ئێوارەی چوارشەممە، بەسەر هەرێمی سوماترای باکوور لە ئیندۆنیزیا گەڕایەوە نێو بەرگەهەوای زەوی. بەمە کۆتایی بە ئەرکێکی زانستی هات، کە نزیکەی 22 ساڵ بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکانی تیشکی گاما و دیاردە گەردوونییە پڕ وزەکان بەردەوام بوو.
هێزی بۆشاییگەریی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئامێرەکە کاتژمێر 07:39ـی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، کە دەکاتە 12:39ـی نیوەڕۆ بە کاتی گرینویچ، بە خێراییەک کە نزیکەی 22 هێندەی خێرایی دەنگ بوو، چووەتە نێو بەرگەهەوا.
ناسا پێشبینی کردبوو زۆربەی بەشەکانی مەرسەدەکە بەهۆی لێکخشانی بەرگەهەواوە بسووتێن، لەگەڵ ئەگەری گەیشتنی پاشماوەی بچووک بۆ سەر رووی زەوی، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی تۆمار نەکراوە. سویفت ساڵی 2004 بە ئەرکێکی سەرەتایی کە ماوەکەی دوو ساڵ بوو هەڵدرا، بەڵام زیاتر لە دوو دەیە بەردەوام بوو لە کارکردن و داتا و زانیارییەکانی بەشدارییان لە نزیکەی 7000 توێژینەوەی زانستیدا کرد، کە توێژینەوەی ئەستێرە تەقیوەکان، کونی رەش و تەقینەوەکانی تیشکی گامای لەخۆگرتبوو.
سەرچاوە: رۆیتەرز

