zagros news agency

وەزارەتی کارەبا: قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی دەکرێتە قیستی درێژخایەن و سنوورێکی مانگانەی بۆ دادەنرێت


وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان میکانیزمێکی نوێی بۆ کارئاسانیی هاوبەشانی کارەبا ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارەکە قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی دەکرێتە قیستی درێژخایەن کە تاوەکو ٢٤ مانگ دەخایەنێت و یەکەم قیستیش لە پسوولەی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی کارەبا، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر لە چوارچێوەی داشکاندنێکی ناوازەدا، نزیکەی یەک ملیۆن هاوبەش بە بڕی ٤٠٠ ملیار دینار لە لێخۆشبوونی قەرزەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەند بوون. لە ئێستاشدا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار هاوبەش (کە دەکاتە نزیکەی ۳۰٪ی هاوبەشانی ڕووناکی) هێشتا قەرزی پێشوویان لەسەر ماوە و خراونەتە سەر سیستەمی قیستی درێژخایەن.

وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو ژمارەیە ٩٠ هەزار هاوبەش بڕی قەرزەکەیان لە پێنج هەزار دینار کەمترە و تەنیا بە پێدانی قیستی مانگی یەکەم، قەرزەکەیان بە تەواوی کۆتایی دێت.

پلانی قیستەکان بەپێی پۆلی هاوبەشان بەم شێوەیە دەبێت:

  • ماڵان و کشتوکاڵی:

    • ماوەی قیست: تاوەکو ٢٤ مانگ.

    • کەمترین سنووری مانگانە: ٢٠ هەزار دینار.

    • بەرزترین سنووری مانگانە: ١٠٠ هەزار دینار.

  • بازرگانیی بچووک (پێوەری یەک و سێ ڕەوگە):

    • ماوەی قیست: تاوەکو ١٢ مانگ.

    • کەمترین سنووری مانگانە: ٢٠ هەزار دینار.

    • بەرزترین سنووری مانگانە: ٢٠٠ هەزار دینار.

  • بازرگانیی گەورە و پیشەسازی (پێوەری CT):

    • ماوەی قیست: تاوەکو ٦ مانگ.

    • کەمترین سنووری مانگانە: ٢٠٠ هەزار دینار.

    • بەرزترین سنووری مانگانە: دیارینەکراوە (بەپێی بڕی قەرزەکە دەبێت).

وەزارەتی کارەبا ڕوونکردنەوەی داوە، ئەگەر هاوبەشێک بەهۆی دانانی سنووری بەرزترین بڕی قیستی مانگانە، قەرزەکەی لە ماوەی دیاریکراودا تەواو نەبوو، ئەوا ماوەی قیستەکەی بۆ درێژ دەکرێتەوە تا تەواوبوونی تەواوی قەرزەکە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەم مانگەوە پسوولەی هاوبەشان هەردوو پارەی خوێندنەوەی نوێ و قیستی مانگانەی لەسەر دەبێت و پێویستە هاوبەشان پێکەوە لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا لە دوای دەرچوونی پسوولەکەوە، بڕە پارەکە بدەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی ئاوارەکانی نیشتەجێ لە هەولێر و دهۆک ئاشکرا دەکات

سەڵاح

پەیامێک له‌ سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

دڵشاد

لە نیپاڵ خۆپیشاندەران پەرلەمان و ماڵی سەرۆککۆماریان سووتاند

یاسین