بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی “زاگرۆس”، قەیرانێکی سەختی نەوتی سپی ئەم زستانە بەرۆکی خەڵکی شاری سلێمانی گرتووە و نرخی لیتری نەوتێک گەیشتووەتە 1,425 دینار، بە جۆرێک کە نرخی یەک دەبەی 20 لیتری (کە زۆربەی هاووڵاتییان بەکاری دەهێنن) 30 هەزار دیناری تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ بەشێکی زۆری خەڵکی سلێمانی بە مەبەستی بەدەستهێنانی نەوتی سپی ڕوویان لە بەنزینخانەکانی شارەکە کردووە و قەرەباڵغییەکی زۆر دروست بووە. هاووڵاتییانی شارەکە نیگەرانن و داوا لە بەرپرسانی ئیدارهی سلێمانی دەکەن دەستبەجێ چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە بدۆزنەوە، بە جۆرێک لە ڕێگەی پاڵاوگە ناوخۆییەکانی شارەکەوە و لە ڕێگەی ئەو پشتیوانییەی کە لە بەغداوە وەکو نەوتی خاو بە شارەکە دەدرێت، بڕێکی زۆر نەوت بخەنە بازاڕەوە بۆ ئەوەی نرخەکەی دابەزێت و باری گوزەرانی خەڵک سووکتر بێت.
لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە هەوڵ و بەدواداچوون بۆ ئەم کێشەیە، ئاژانسی زاگرۆس پەیوەندی بە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای شارەکەوە کرد، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەبووە.

