“کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدرا”
ئەمڕۆ دووشەممە 2024.2.19، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سهبارهت بەتەرخانکردنى گوژمەى (130 ملیار دینار) بۆ پڕۆژەکانى ئەمساڵى پەرەپێدان و گەیاندنى خزمەتگوزارییەکان بە هاوڵاتییان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە قائیمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرانى سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و شارەوانییەکان ئامادەى بوون، باس لە کارنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پلان و بەرنامەى کارى پارێزگاى هەولێر کرا بۆ پتر خزمەتکردنى هاوڵاتییان لە چوارچێوەى ئەنجامدانی پڕۆژەکانى ئەمساڵ 2024ى پەرەپێدان کە گوژمەى (130 ملیار دینار)ى بۆ تەرخانکراوە، دواى خستنە ڕووى پڕۆژەکان و گفتوگۆکردن لە بارەى ئەو ئامادەکارییانەى کراوە بۆ گەیاندن پڕۆژەکان و جێبەجێبکردنى داواکارى هاوڵاتییان، جەخت لە هەماهەنگی زیاترى نێوان فەرمانگە و دام و دەزگاکان کرایەوە لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە سێکتەرە جیاجیاکان.
لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى ئەوەى تەئکیدى لە گەیاندنى دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزارى بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لە نێوان شار و دەرەوەى شار بەتایبەتى ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە کردەوە، تیشكى خسته سهر ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى ژمارەیەکى زۆرى پڕۆژە و ئالیەتى و میکانیزمى چۆنیەتى دەستکردن بە پڕۆژەکان.
لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر دەستخۆشى لە سەرجەم تیمەکانی (قائیمقامیەت و ناحییەکان، شارەوانی، بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆکا، چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاو بان، ئاودێری، کەش ناسی، وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی، قەیرانەکانی پارێزگا، دەزگای خێرخوازی بارزانی) کرد، بۆ هەموو ئەو هەوڵ و کارانەى کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا لەگەڵ هاتنى ئەو شەپۆڵە باران بارینەى سنوورى پارێزگاى هەولێرى گرتەوە ئەنجامیاندا.