حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ زاگرۆس دوا هەڵوێستی پارتەکەی سەبارەت بە دۆخی شارەکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، پارتی چاوەڕوانی ڕێککەوتنی کۆتایییە لە بەغدا و خاوەنی ڕوانگەی تایبەتی خۆیەتی. جەختیشی کردەوە کە بەشداری لە هەرموو تفاهمێکدا دەکەن کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووکدا بێت، بە پێچەوانەشەوە پشتیوانی لە هیچ ڕێککەوتنێک ناکەن کە لە خزمەتی دانیشتووانی شارەکەدا نەبێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە توندی ڕەخنەی لە بیرۆکەی دەستاودەستکردنی (خولیی) پۆستی پارێزگار گرت و وەک “سیستەمێکی شکستخواردوو” وەسفی کرد، کە ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی شارەکە. سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگاش، ناوبراو ڕوونیکردەوە کە تا ئێستا هیچ کاتێکی نوێ بە فەرمی بۆ بەستنی کۆبوونەوە دیاری نەکراوە.

