ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئەمرۆ دە ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی خوشک وبرایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت، كە لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، هەزاران كەس لە دانیشتووانی دەڤەری شنگال، کۆمەڵکوژ کران و دەیان هەزاری دیکەش بێسەروشوێن و ئاوارە بوون.

هەرچەندە دە ساڵ بەسەر ئەم تاوانە تێدەپەڕێت بەڵام بە داخەوە ، ئيش و ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزیدی کۆتایی نەهاتووە و هێشتاش ژمارەیەکی زۆریان بێسەرو شوێنن و بە هۆی خۆسەپێنی میلیشا و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا لە شنگال ، دۆخی دەڤەرەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.

لەم یادەدا، قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی لە ڕزگارکردنی شنگال بەرز دەنرخێنین و بەڕێز و پێزانینەوە لێی دەڕوانین.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری شنگال و دەوروبەری و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکات بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان خۆش بکرێت. بۆیە جەخت لە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال وەکو خۆی دەکەینەوە بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەش بدرێتە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.

لە کۆتاییدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پێشوازيی لە مەحموود ئەلمەشهەدانی دەکات

یاسین

بەهۆی سووتانی ماڵێکەی ئافرەتێک گیانی لەدەستدا

دڵشاد

پشووی نەورۆز راگەیندرا

یاسین