ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پارێزگاری هەولێر: سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دیارییەك پێشكەشی زیانلێكەوتوانی بازاڕی قەیسەری دەكات

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەم نزیكانە دیارییەك پێشكەشی زیانلێكەوتوانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەكات.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: “بازاڕی قەیسەری، یەكێك لەو جێگایانە بوو كە ئەو كارەساتەی بەسەریدا هات، دڵی هەموو هەولێرییەكانی ئازار دا، هەر زوو ڕۆژی دواتر جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی شوێنەكەی كرد، هاتنی جەنابی سەرۆك وەزیران بۆ ئەو بازاڕە، پەیامێكی زۆر ڕوون بوو بۆ كاسبكاران، هەر لەوێش دڵنیایی بە كاسبكاران دا كە چی پێویست بێت، حكوومەت دەیكات، هەوڵەكانیش بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی بكەرانی ئەو تاوانە دەخرێتە گەڕ، سوپاس بۆ خوای گەورە ناسنامەی بكەران بۆ ڕای گشتی ڕوون بووەوە و ئاشكرا كرا.”

ئەوەشی خستە ڕوو: “ئێستا قەیسەریی هەولێر بە بڕی 5 ملیار و 400 ملیۆن دینار، بەخێرایی كاری تێدا دەكرێت و نۆژەن دەكرێتەوە، ئێستا خاوەن دووكانەكانی قەیسەری لە باجی ساڵی 2023 50% بەخشراون، لە باجی 2024یش 100% دەبەخشرێن، ئەوانەشی كرێچیی حكوومەتن، لە كرێی ئاو، كارەبا، خاشاك، تابلۆ و هەموو ئەوانە دەبەخشرێن.”

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش كرد، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی هەیە كە لەم نزیكانە، دیارییەك پێشكەشی زیانلێكەوتوانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەكات.

شەوی 5/5/2024، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاریی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەبەر فراوانیی قەبارەی ئاگرەکە و سەختیی گەیاندنی هۆیەکانی کوژاندنەوەی ئاگر، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: “لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە.”

هەروەها ڕوونی کردەوە: “جگە لە زیانی دارایی ڕووداوەکە، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە دۆخی تەندروستییان تێک چوو.”

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی یەكێتی و دژە تیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و كەركووك کەوتوونەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

كوێستان محەمەد: شاندێك بۆ زیادكردنی مووچەی خاوەن پێداویستییەكان دەچێتە بەغدا

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر دەکات

دڵشاد

مانچستەر یونایتد ماڵئاوایی لە شکستەکانی کرد

یاسین