zagros news agency

شەش تێکەڵەی خۆراکی باشترە پێکەوە نەخورێن

 

لە ڕوانگەی زانستی خۆراکەوە، هەندێک تێکەڵە دەتوانن ڕێگری لە مژینی ڤیتامینەکان و ماددە کانزاییەکان بکەن. ماڵپەڕی “ڕیڵ سیمپڵ” لە بابەتێکدا ئاماژەی بە شەش تێکەڵەی خۆراکی داوە بە گوتەی پسپۆڕانی تەندروستی باشترە هاوکات پێکەوە نەخورێن:

شیر و ترشەمەنییەکان
تێکەڵکردنی شیر لەگەڵ میوە ترشەکانی وەک پرتەقاڵ یان لیمۆدا لەوانەیە ببێتە هۆی مەینی پرۆتینەکانی شیر و دروستبوونی ناڕەحەتیی هەرس یان باکردنی سک. ترشی سیتریکی نێو ترشەمەنییەکان دەبێتە هۆی پێکەوەنوسانی پرۆتینەکانی کازئینی شیر. هەرسی شیری مەیو قورسترە و نیشانەکانی وەک گازی گەدە، ئاوسانی سک، ئازاری سکی لێ دەکەوێتەوە.

کحوول و کافایین
کحوول و خواردنەوە کافاییندارەکان وەک ئەوەی لە “ئێسپرێسۆ مارتینی”دا هەیە، زۆرجار بێ ئاگاداری لە کاریگەرییان لەسەر مێشک و لەش پێکەوە دەخورێنەوە. کافایین هاندەرە و کحوول کاریگەریی سستکەرەوەی لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە؛ هەر بۆیە کافایین دەتوانێت هەستی سەرخۆشی بشارێتەوە و وا لە کەسەکە بکات زیاتر کحوول بخواتەوە.

قاوە و مۆز
تێکەڵکردنی کافایین لەگەڵ ئەو کاربۆهیدراتانەی بە خێرایی هەرس دەبن، ئەو هەستە دروست دەکات وزەی لەش بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە، بەڵام لە دوای دابەزینی شەکری خوێن، ئەم زیادبوونەی وزە بە خێرایی دادەبەزێت و کەسەکە لە پێشوو زیاتر هەست بە ماندووبوون دەکات. باشترە بەیانیان بە پەرداخێک ئاو و سەرچاوەیەکی پرۆتینی وەک هێلکە دەست پێ بکات، پاشان قاوە و کاربۆهیدرات بخورێت.

شۆکۆڵاتەی تاڵ و شیر
خواردنی شۆکۆڵاتەی تاڵ لەگەڵ شیردا، سوودەکانی بۆ تەندروستیی دڵ بە کردەیی پووچەڵ دەکاتەوە. فلاڤۆنۆیدەکانی نێو شۆکۆڵاتەی تاڵی خاوەن لانیکەم ٧٠٪ کاکاو، یارمەتیی دابەزینی پەستانی خوێن و باشترکردنی تەندروستیی دڵ دەدەن، بەڵام پرۆتینەکانی شیر ڕێگری لە مژینیان لە لەشدا دەکەن.

کێکی برنج و کەرەی فستقی زەمینی (فستق عەبید)
تێکەڵکردنی کێکی برنج (ڕایس کەیک) لەگەڵ کەرەی فستقی زەمینیدا هێندە تێرکەر نییە بتوانێت وزەی لەش لە درێژایی ڕۆژدا بپارێزێت. بەهۆی کەمیی ڕیشاڵ و کاربۆهیدراتی ئاڵۆز، لەش لە ماوەی چەند خولەکێکدا بەکاری دەهێنێت و پاشان کەسەکە دووبارە برسی دەبێتەوە.

نۆدڵسی خێرا و سۆسی سۆیا
زیادکردنی سۆسی سۆیا بۆ نۆدڵسی ئامادەکراو بڕی وەرگرتنی سۆدیۆم بە توندی بەرز دەکاتەوە. ئەم کارە دەتوانێت چەندین هەزار میلیگرام سۆدیۆم بخاتە سەر ژەمی ڕۆژانە. وەرگرتنی زۆری سۆدیۆم لە درێژخایەندا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەکات، هەروەها کەمئاوبوونی لەشیش ئەم دۆخە توندتر دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئی-پسوولە دووبارە کەوتەوە کار          

سەڵاح

حکومەتی هەرێمی کوردستان ٣٣ گەنجی دیکەی لە وڵاتی لیبیا دەگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان

سەڵاح

هەسەدە بڕینی ئاوی زیندانی ئەقتانی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە راگەیاند

یاسین