ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆكی حكومەت بەردی بناخەی جووتسایدی بەردەڕەش – خەباتی دانا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17/10، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناخەی جووتسایدی بەردەڕەش-خەباتی دانا.

لە گوتارێكدا سەرۆكی حكوومەت جەختی لەوە كردەوە كە لە كابینەی نۆیەمدا گرنگییەكی زۆر بە دروستكردنی ژێرخانی ڕێگەوبان لە سەرانسەری كوردستان دراوە. هاوكات باسی لە گرنگیی ئەو جووتسایدە لە ئاسانكردنی هاتووچۆ لە نێوان هەولێر و دهۆك و موسڵ كردەوە و باسی لەوە كرد كە دەڤەری بەردەڕەش لە ڕووی كشتوكاڵی و ئابووری و گەشتیارییەوە گرنگییەكی زۆری هەیە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەخوازێت خزمەتێكی زیاتری بكات.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا و قەدرگران
سوپاسی ئامادەبوونی ئێوە هەمووان دەكەم

ئەمڕۆ لێرەین بۆ دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی بەردەڕەش – كەڵەك. ئەم ڕێگەیە بێگومان زۆر كاریگەر دەبێ و سوودی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت.
لەم كابینەیەدا ئێمە گرنگییەكی زۆرمان بە دروستكردنی ژێرخانی ڕێگەوبان لە سەرانسەری كوردستان داوە و هەرێمی كوردستان پێشكەوتنێكی زۆر بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، پاش ئەوەی ئەم ڕێگەوبانانە دروست كران، زۆر پرۆژەی دیكەش هەن بۆ ئەوەی هەموو كوردستان سوود لە ڕێگە و جووتسایدی پێشكەوتوو بە شێوازێكی پێشكەوتوو و ستانداردێكی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاووڵاتیان ببینێت.
سوپاسی وەزیر و وەزارەت و كەرتی تایبەتیش دەکەم كە هەموویان هاریكار بوون بۆ فراوانكردنی تۆڕی شەقام و رێگەوبانان لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی كوردستان.
ئەم دوو سایدەی نێوان كەڵەك و بەردەڕەش، نەك هەر بە تەنیا
خەبات و بەردەڕەش پێكەوە گرێ دەدا، بەڵكوو ڕێیەكی گرنگی ئابووریشە كە پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگای دهۆك و پارێزگای مووسڵیش پێكەوە گرێ دەدات. هەروەها زۆرجار بارهەڵگر كە دێنە هەرێمی كوردستان و بۆ بەشەكانی دیكەی عێراقیش دەچن، سوود لەم ڕێگەیە وەردەگرن.
ئەم ڕێگەیە رەنگە لە ئاستێكی باش نەبووبێت، مخابن زۆرجار ڕووداوی ناخۆشی لێ ڕووداوە، چونكە لە ئاستێكی ستاندارد نەبووە و هاتوچۆیەكی زۆر و قەرەباڵغییەكی زۆری لەسەر هەبووە. ئێستا بە دروستكردنی ئەو ڕێگەیەی كە بەم شێوازە دیزایین كراوە، ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە هەم هاتووچۆ ئاسانتر بێ، هەمیش سەلامەتتر بێت بۆ هەموو هاووڵاتیان.
ئێمە هەوڵدەدەین ڕێگەكان باشتر بكەین، ئەوەی ئێمەش كردوومانە زیاتر بۆ سەلامەتی و خزمەتی خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئەركێكی دیكەش دەكەوێتە سەر شۆفێر و هاووڵاتیانی كوردستان كە ئەوانیش پێویستە ڕێنماییەكانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن، كاتێك شەقامەكان خۆش دەبن، مانای وا نییە كە دەبێ خێراتر لێبخوڕن، بەڵكوو ڕێنماییەكانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن بۆ پاراستن و سەلامەتیی خۆیان و ئەو كەسانەی كە لەسەر ئەم شەقامە لە ئۆتۆمبێلی دیكەش دان. لەبەر ئەوە داوای ئێمە لە هەموو هاووڵاتیان ئەوەیە كە گرنگیی بە سەلامەتیی خۆیان و سەلامەتیی خەڵكی دیكەی كوردستانیش بدەن.
دەڤەری بەردەڕەش یەكێكە لەو دەڤەرانەی كە زۆر شایستە و شایانی ئەوەیە كە خزمەتێكی زۆر بكرێت، بەداخەوە ئەو خزمەتگوزارییەی كە لەم دەڤەرانە هەبووە، لە ئاستی ویستی ئێمە كەسدا نەبووە و ئێمە حەزمان كردووە كە زۆر زیاتری بۆ بكەین، بەڵام مخابن ئەو ماوەیەی تێپەڕی لەبەر زۆر هۆكاران، بارودۆخ ڕێی نەداوە كە لە خزمەتی ئەو دەڤەرەدا بین، هەرچەندە شتی باش كراوە و لە بەرنامەشدایە ئەگەر خوا دەرفەت بدات و بەردەوام بین لە خزمەتی ئێوە، ئینشائەڵا شتی باشتریش دەكرێت، بە تایبەتیش لە كەرتی ئاو، كارەبا، ڕێگەوبان، تەندروستی و قوتابخانە شت لەم دەڤەرە كراوە، بەڵام زۆر زیاتر پێویستە، بە تایبەتیش كە دەڤەرێكی زۆر فراوانە و گوندی زۆری لێیە. ئەوەی ئێمە پێمان بكرێ ئینشائەڵا كەمتەرخەمی ناكەین. هەروەها لە ڕووی ئابوورییەوە ئەم دەڤەرە زۆر بەسوودە، زێی زۆر لێیەوە نزیكە، ناوچەیەكی زۆر بەخێرە بۆ كشتوكاڵ، هەم بۆ كشتوكاڵ، هەم بۆ پیشەسازی، هەم بۆ گەشتوگوزاری دەتواندرێت ئەم دەڤەرە زیاتر پێش بخرێت و خزمەتێكی زۆر باشتر بكرێت، چەندی پێشكەوتن لەم دەڤەرەدا هەبێت، هاریكار دەبێت بۆ باشتركردنی باری ئابووری لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی. بەرهەمی ئەم دەڤەرە وەك برنج، پەتاتە، تەحین، ئێستا لە هەموو جێیەك بڵاو بۆتەوە، نەك تەنیا لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكوو گەیشتۆتە دەرەوەی كوردستانیش. هیوادارین ئەم بەرهەمانە زیاتر ببن و بە شێوازێكی باشتر و بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای نوێ ئێمە بتوانین ئاستی بەرهەمەكان باشتر بكەین و زیاتر بكەین، تاوەكوو لە رووی بازرگانیشەوە دەڤەری ئێوە چەندە گرنگە، زیاتر رۆڵی خۆی ببینێت بۆ باشتركردنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان.
هەروەك باسم کرد زێ لێرەیە و دەتواندرێت گەلێك پرۆژەی دیكەی گەشتیاری لەم دەڤەرە دروست بكرێ، لە ڕووی پیشەسازییەوە دەتواندرێت كە گرنگییەكی زیاتری پێبدرێت هەرچەندە ئێمە دەبینین پرۆژە دادەمەزرێن و هەن، ئینشائەڵا رۆژ بە رۆژ ئەم پرۆژانە زیاتر دەبن و خەڵكی ئێمەش زیاتر سوودمەند دەبن و سوودی لێ دەبینن.

هیوادارم لە كاتێكی زوودا كۆمپانیای جێبەجێكار ئەم شەقامە بە ئاستێكی باش و كوالێتییەكی باشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بكات و بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.
هەر ساخ و سەلامەت بن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمپانیای گۆگل کاتی بەردەست بونی Android 15 راگەیاند

یاسین

ئەمەریکا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران، ڕێگە به ئیسرائیل ناگرێت

سەڵاح

هەولێر… هه‌زاران زەویی کارت تاپۆ دەكرێن

سەڵاح