ئەمڕۆ شەممە، تاڵیبانی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێرشێکیان کردوووەتە سەر بنکەیەکی سوپای پاکستان لە نزیک سنووری ئەفغانستان، کە بەگوتەی بەرپرسانی هەواڵگری 16 سەرباز کوژراون و پێنجی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هێرشەکە دوای نیوەی شەو کراوە، شەڕەکەش نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە، لەکاتێکدا نزیکەی 30 چەکدار لە سێ لاوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، “لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 16 سەرباز کوژران و پێنج سەربازیش بە سەختی بریندار بوون”، هەروەها چەکدارەکان ئاگریان لە ئامێرەکانی پەیوەندی بێ تەل و بەڵگەنامە و کەلوپەلەکانی دیکە بەرداوە.”
هێرشەکە لە ناوچەی ماکین لە پارێزگای خەیبەر پختونخوا بووە، کە 40 کیلۆمەتر لە سنووری ئەفغانستانەوە دوورە.
بەشی ناوخۆیی تاڵیبان لە پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “هێرشەکە لە تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی فەرماندە باڵاکانمان کردووە.”
تاڵیبان باسی لەوەش کردووە، دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی سەربازیدا گرتووە کە بریتین لە “دۆشکە و ئامێرێکی بینینی شەوانە.”