zagros news agency

غەززە؛ خۆپیشاندانێکی دەگمەن دژی حەماس کرا

هەزاران فەڵەستینی لە خۆپیشاندانێکی دەگمەندا لە باکووری کەرتی غەززە دژی بزووتنەوەی حەماس گردبوونەوە و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیلیان کرد. خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی دروشم داوای ئاشتی و گۆڕانکارییان دەکرد.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا (DPA) کە پشتی بە وتەی شایەتحاڵان بەستووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی نیسان، هەزاران فەڵەستینی لە شارۆچکەی “بێت لاهیا” لە باکووری کەرتی غەززە، خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییان دژی بزووتنەوەی حەماس کرد و داوایان کرد شەڕی دژ بە ئیسرائیل کۆتایی پێبهێنرێت.

شایەتحاڵان خۆپیشاندانەکەیان بە یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ئەم دواییە لە غەززە وەسف کردووە. بەگوێرەی هەواڵەکە، خۆپیشاندەران لە هەموو تەمەنەکانەوە بەشدارییان تێدا کردبوو و لافیتەیان بەرزکردبووەوە و لەسەریان نووسیوە “شەڕ ڕابگرن”، “دەمانەوێت بە ئازادی بژین” و “نەخێر بۆ تیرۆر، بەڵێ بۆ ئاشتی”.
هەروەها، هەندێک لە بەشداربووان ئاڵای سپییان وەک هێمای ئاشتی بەرزکردبووەوە و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلیان دەکرد. شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە ١٨ مانگە بەردەوامە.
شەڕی ئێستا دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد و بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ١٢٠٠ کەس و ڕفاندنی نزیکەی ٢٥٠ کەسی دیکە. لە وەڵامدا، ئیسرائیل هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانی لە زەوی و ئاسمانەوە دژی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێکرد.
بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی تەندروستیی غەززەی سەر حەماس بڵاوی‌کردووەتەوە، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس تا ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە گیانیان لەدەست داوە. شایەنی باسە ئەم ئامارە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە و ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە چەکدارانی کوژراوی حەماس جیا نەکراوەتەوە.
جگە لە زیانە گیانییەکان، بەهۆی هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیلەوە، کەرتی غەززە ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر بووەتەوە و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری لەم ناوچە کەنارییەدا نزیکەی بە تەواوی لەنێوچووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمەریکا هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییانی گەشتی عێراق نەکەن

سەڵاح

ڕیاڵ مەدرید هۆکاری دوورکەوتنەوەی کۆرتوای ڕاگەیاند

یاسین

سەرۆکی ئەمەریکا: ئەگەر زێلێنسکی کۆتایی بەشەڕ نەهێنێت زۆر نامێنێتەوە

سەڵاح