بەپێی رێکخراوی WHO قەڵەوی منداڵان کێشەیەکی پەرەسەندووە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش وایکردووە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری بدات لە کاریگەرییەکان لەسەر تەندروستی نەوەکانی داهاتوو، زیادبوونی کێش لە تەمەنی منداڵیدا دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی جددی لە داهاتوودا، وەک نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ.
بۆیە پێویستە گرنگی بەم کێشەیە بدرێت و هەنگاوی ڕاستەقینە بنرێت بۆ کەمکردنەوەی.
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەڵەوی لە نێو منداڵاندا
خۆراکی ناتەندروست یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی کێشی لەش لە منداڵاندا، بەو پێیەی زۆرێکیان پشت دەبەستن بە خواردنی خێرا و لە قوتونراو و خواردنەوە گازییەکان کە ڕێژەیەکی زۆر چەوری و شەکریان تێدایە، هەروەها کەمی وەرزشی هۆکارێکی بەرچاوە.
منداڵان کاتێکی زۆر لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر دەبەن، چ سەیرکردنی تەلەفزیۆن بێت یان یاری ڤیدیۆیی، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چالاکیی جەستەیییان، ڕەنگە هۆکارە بۆماوەییەکانیش ڕۆڵیان هەبێت لە زیادکردنی کێشەی قەڵەوی، بەڵام خووەکانی ڕۆژانە تاڕادەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر کێشیان دەکات.
کاریگەرییە تەندروستی و دەروونییەکانی قەڵەوی لە منداڵاندا
قەڵەوی تەنها کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی منداڵ نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر باشی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵ دەبێت، لەوانەیە منداڵێکی کێشی زیادە ڕووبەڕووی قسەی ناشرین بێتەوە لەلایەن هاوتەمەنەکانییەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر متمانە بەخۆبوونی دەبێت و هەستی دابڕانیان زیاد دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی وەک بەرزی پەستانی خوێن، سەختی هەناسەدان لە کاتی خەوتندا، هەروەها کاریگەری لەسەر توانای یاریکردن و جوڵەکردنیان بە ئازادی هەیە.
ڕۆڵی خێزان لە ڕێگریکردن لە قەڵەوی
خێزانەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە یارمەتیدانی منداڵان بۆ پاراستنی کێشێکی تەندروست لەڕێگەی دابینکردنی ژەمە خۆراکی هاوسەنگ کە میوە و سەوزە و پرۆتینی تەندروست لەخۆدەگرێت، هەروەها پێویستە دایک و باوک هانی منداڵەکانیان بدەن کە بە بەردەوامی وەرزش بکەن، جا لەڕێگەی چالاکییەکانی قوتابخانە بێت یان یاریکردن لە دەرەوە، هەروەها سنووردارکردنی ئەو کاتەی کە بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەسەری دەبەن بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتریان پێبدرێت بۆ جوڵە.
گرنگە ڕۆژانە کاتێکی دیاریکراو دیاری بکرێت بۆ وەرزشکردن، تەنانەت ئەگەر تەنها ڕۆیشتن یان پاسکیلسواریش بێت، جگە لە ڕێکخستنی خشتەی خەوتن، چونکە کەمخەوی کاریگەری لەسەر میتابۆلیزم دەبێت و ئەگەری زیادبوونی کێش زیاد دەکات.
چارەسەرکردنی قەڵەوی منداڵان پێویستی بە هاوکاری هاوبەش هەیە لە نێوان خێزانەکان و قوتابخانەکان و کۆمەڵگا بە گشتی بۆ پاراستنی تەندروستی نەوەکانی داهاتوو و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆیان.