zagros news agency

خراپبوونی دۆخی مرۆیی لە غەززە؛ سەدان هەزار کەس لە لێواری قاتوقڕی دان

ڕێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان جارێکی دیکە هۆشدارییان داوە لەبارەی دۆخی کارەساتباری مرۆیی لە کەرتی غەززە. بە گوتەی ڕێکخراوی “یارمەتی بۆ برسیانی جیهان”، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە غەززە ماوەی دوو مانگە لە هەر جۆرە یارمەتییەکی مرۆیی بێبەش کراون و ڕۆژانە بۆ مانەوە بەردەوامیی ژیانیان تێدەکۆشن.
ماتیاس مۆگێ، ئەمینداری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ئایار لە بەرلین ڕایگەیاند: «ڕێگریکردن لە گەیاندنی یارمەتییە فریاگوزارییە ژیانبەخشەکان، بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات. بینینی خەڵکێک لە برسان لە لێواری مردندان، لە کاتێکدا سەدان بارهەڵگر پڕ لە یارمەتیی پێویست لە پشت سنوورەکانەوە ڕاگیراون، مایەی قبووڵکردن نییە.»
نزیکەی ٢٥٠ ڕێکخراوی فریاگوزاری ڕۆژی دووشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی برسێتی لە غەززە دەستبەجێ هەنگاو بنێت.
بە گوتەی بەرنامەی جیهانیی خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ٤٧٠ هەزار کەس لە غەززە گەیشتوونەتە قۆناغی مەترسیداری قەیرانی خۆراک و ڕووبەڕووی قاتوقڕی بوونەتەوە. ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە ڕایگەیاندووە، تەواوی دانیشتووانی ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی نائاسایشی خۆراک بوونەتەوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن نزیکەی ٧١ هەزار منداڵ و زیاتر لە ١٧ هەزار دایک بەهۆی بەدخۆراکیی توندەوە پێویستیی بەپەلەیان بە چارەسەر هەیە.
سیندی مەککین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی جیهانیی خۆراک، هۆشداریی داوە: “خێزانەکان لە غەززە لە برسان دەمرن، لە کاتێکدا خۆراکی پێویستیان لە پشت سنوورەکانەوە کۆ کراوەتەوە.”
پێشکەوتنەکانی بەدەستهاتوو لە ماوەی ئاگربەستی سەرەتای ئەم ساڵی زایینی، ئێستا بەتەواوی لەنێوچوون و قەیرانی مرۆیی لەم ناوچەیە گەیشتووەتە قۆناغێکی بێوێنە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (جەژنی مەولود)

یاسین

نیویۆرک تایمز: لە بەغدا نووسینگەکانی حەماس و حوسییەکان بەنهێنی کراوەتەوە

یاسین

دهۆك… خه‌ڵكی چوار گوند قه‌ره‌بوو كرانه‌وه‌

سەڵاح