zagros news agency

سێ زیندانیی دیکەی پەکەکە گواسترانەوە بۆ ئیمراڵی ، تورکیا دەڵێت لە پێناو پڕۆسەی ئاشتییە

 

بە گواستنەوەی سێ زیندانیی ناسراوی پەکەکە بۆ دوورگەی ئیمراڵی، چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان زیاتر بوون.

میدیای تورکیا بڵاویان کردەوە، سێ زیندانیی دیکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی ئیمراڵی، بە مەبەستی پێکهێنانی سکرتاریایەکی نوێ بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، تاوەکوو سەرپەرشتیی پرۆسەی نوێی ئاشتی بکات.

بەپێی ئەم زانیارییانە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە نەخشەڕێگەیەکی نوێی حکوومەتی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و چەکدانانی پەکەکە. سێ زیندانییەکە کە هەرسێکیان نووسەر و بیرمەندی سیاسیی ناسراوی نێو پەکەکەن، بریتین لە:

مەحموود یامالاک: لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە زیندانییە، نووسەر و مۆسیقاژەنە و چەندین بەرهەمی ئەدەبی و هونەریی هەیە.

زەکی بەیحان: لە ساڵی ١٩٩٨ـەوە زیندانییە، نووسەرە و چەندین کتێب و وتاری لە بواری هزری و سیاسییدا بڵاو کردووەتەوە.

ئەرگین ئاتایابە: لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە زیندانییە، نووسەرە و وتاری سیاسی و هزریی زۆری نووسیوە.

ئەمە لە کاتێکدایە چەند ساڵێکە هەریەک لە حامیلی یڵدرم و عومەر خەیری کۆنار لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمراڵی دان.

هاوکات، بەپێی شیکاریی میدیاکانی تورکیا، پلانی دەوڵەت بۆ پرۆسەی ئاشتی چەند خاڵێکی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە:

پرۆسەکە تەنها بە چەکدانان سنووردار نابێت، بەڵکوو چارەسەرێکی گشتگیر بۆ پرسی کورد دەگرێتەوە، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە نوێیەکانی ناوچەکەدا، وەک ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا.

تورکیا لە سووریا سیستەمی فیدراڵی قبووڵ ناکات و پێی وایە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەرەو لاوازبوون دەچێت.

ئێران و ئیسرائیل لەبارەی پرۆسەکەوە ئاگادار کراونەتەوە و تورکیا هەڵوێستی ئیسرائیل بە هۆکارێکی تێکدەر دەزانێت.

چارەنووسی نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ سەرکردەی باڵای پەکەکە یەکلایی دەکرێتەوە و ئەگەری هەیە بتوانن لە عێراق بمێننەوە یان بچنە وڵاتێکی دیکە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئۆکرانیا و ئەمەریکا لەسەر پێدانی کانزا دەگمەنەکان ڕێککەوتوون

سەڵاح

پارێزگاری هەڵەبجە :سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ هەڵەبجە، گرنگ و پێویست بوو

یاسین

جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری بۆ زاگرۆس: دوای چه‌ك دانانی په‌كه‌كه‌.. قۆناغێكی نوێ له‌ باشووری كوردستان ده‌ستپێده‌كات

دڵشاد