دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە 25 ی ئازار ژمارەیەک مامۆستا لەشاری سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ مەبەستی داوا کردنی موچە و خراپی ژیانیان.
بەداخەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشی سلێمانی ڕووبەڕووی توندوتیژی بونەوەو ژمارەیەک لەو مامۆستایانەش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیر کران.
لەهەمان کاتیش لەناو خۆپیشاندەران ژمارەیەک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنیش ڕووبەڕووی توندوتیژی بونەوەو دەست بەسەر کەل و پەلە ڕۆژنامەوانیەکانیان داگیرا.
ئێمە وێڕای ئەوەی پاڵپشتی لەهەر خۆپیشاندان و گردبونەوەیەکی مەدەنی ویاسایی دوور لەتوندوتیژی دەکەینەوە بۆ داواکردنی مافەکانیان، لەهەمان کاتدا ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژیەک دەکەین کە بەرامبەریان کراوەو ئەو جۆرە هەڵسوکەوت و توندوتیژیانە دوورن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ڕێکارە یاساییەکان و ئازادی ڕادەربڕین.
لێرەوە داوا دەکەین هەرچی زووە سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە ناو کەس وکاری خۆیان .ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دوپاتی دەکەینەوە کە تا ئێستاش حاڵەتەکانی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان بەردەوامە بەتایبەت لەکاتی خۆپیشاندانەکان، چەندان جاری تریش داوامان کردووە ناکرێ بەو شێوەیە مامەڵەو هەڵسوکەوت بکەن کە جگە لە نیگەرانی ناوخۆیی کە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسیە لەهەمان کاتدا لە ئاستی نێو دەوڵەتی و ڕێکخراوە چاودێرەکانی مافی مرۆڤیش بۆتە جێی سەرنج و ڕەخنەو کاریگەری دەبێت لەسەر ناوبانگی ئەو ئازادی و دیموکراسیەی کە لەهەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەین.
لەڕێگەی نوسینگەی سلێمانی دەستەکەمانەوە بەووردی چاودێری ڕەوشەکە دەکەین و لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان لەسەر خەت دەبین بۆ سۆراخی دەستگیر کراوەکان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
25ی ئازاری 2024